
سەرۆککۆماری عێراق ڕایگەیاند، عێراق پێگەیەکی هەیە کە وای لێدەکات ڕۆڵێکی کاریگەری هەبێت لە نزیکردنەوەی واشنتن و تاران.
نزار ئامێدی دەشڵێت، داوا لە ترەمپ دەکەم بگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵە سەرەکییەکەی لە کۆتاییهێنان بە شەڕەکان لەسەرتاسەری جیهان.
نزار ئامێدی بۆ ئەمریکا و ئێران: پەیامم بۆ هەردوولا قۆستنەوەی دەرفەتە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی ڕاستەقینە و بەردەوام .
نزار ئامێدی: هیوادارین دۆناڵد ترەمپ سەردانی عێراق بکات.
نزار ئامێدی، سەرۆککۆماری عێراق لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ پێگەی بریتبارتی ئەمریکی کە لەمیانی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندەی ستراتیجی سلێمانی ئەنجامدراوە، باسی کۆمەڵێک پرسی کردووە و ئەوەی خستووەتەڕوو، دۆناڵد ترەمپ کەسایەتییەکی گرنگی هەیە و وڵاتێکی گەورە بەڕێوەدەبات.
ئامێدی داوای کردووە سەرۆکی ئەمریکا گرنگی بخاتەوە سەر ڕۆڵی لە کۆتاییهێنان بە جەنگەکان لە جیهاندا.
جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا بێت یاخود هەر جەنگێکی دیکە لە جیهاندا.
دەشڵێت، پێویستە ئاشتی لە ناوچەکە بەدیبهێنێت و جەنگەکان کۆتاییان بێت.
عێراق پێگەیەکی گرنگی هەیە کە نێوەندگیرێکی سەرەکی بێت لەنێوان ئەمریکا و ئێران بەوپێیەی لەگەڵ واشنتن هاوپەیمانێکی چەند ساڵە و لەگەڵ ئێران دراوسێیەکی مێژوویین.
ڕاشیگەیاندووە، پەیامیان بۆ هەردوولا قۆستنەوەی دەرفەتە بۆ بەدیهێنانی ئاشتیی ڕاستەقینە و بەردەوام و دەشڵێت، "هێشتا هیوا ماوە".
پێویستە ئێران و ئەمریکا پەیوەندییەکانیان باش بکەن و بگەنە ڕێککەوتن.
ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکاش دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە گەلی ئەمریکا چیدی پاڵپشتی لە جەنگ ناکات و دەیەوێت کۆتایی بێت.
نزار ئامێدی بەو پێگە ئەمریکییەی گوتووە، ئەو هەمان پەیامیشی ئاڕاستەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کردووە و پاڵپشتیی کردووە بۆ گەیشتن بە ئاشتی و ئەوەی خستووەتەڕوو، عێراق ئامادەیە بۆ یارمەتیدان لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی لەنێوان ئەمریکا و ئێران.
ئامێدی جەختیکردووەتەوە، ئەوان بەهیچ شێوەیەک جەنگیان ناوێت و نایانەوێت بەهیچ شێوەیەک پێوەی پەیوەست بن، ئەوان ئاشتییان دەوێت لە ناوچەکە و گوتی، هەمیشە هەوڵمان بۆ ئەوەداوە.
ئامێدی ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی جەنگی ئێران و ئەمریکاوە، زیانی زۆر بەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوتووە بە عێراقیشەوە، بەڵام بە بۆچوونی ئەو، هەر بە وەستانی جەنگ، ناوچەکە زوو باش دەبێتەوە و ئابوورییەکەی زیندوو دەبێتەوە و سەقامگیری بۆ ناوچەکە دەگەڕێتەوە و گەشەی ئابووری بەرزدەبێتەوە.
سەرۆککۆماری عێراق ڕایگەیاندووە، عێراق پێشوازی لەهەمووان دەکات و ئێستا لە سەرووبەندی سەقامگیریدایە و پێشوازی لە وەبەرهێنانی سەرجەم کۆمپانیاکانی جیهان دەکات.
نزار ئامێدی هیوایخواستووە، دۆناڵد ترەمپ سەردانی عێراق بکات بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی وڵاتەکە و دەشڵێت، پێشوازی دەکەین لێی لەهەرکوێ بێت، بەغداد، هەولێر و سلێمانی، دەشڵێت، زۆر بە گەرمی پێشوازی لە زەیدی کرا و هیوادارن هەمان میوانداریی گەرم پێشکەشی ترەمپ بکەنەوە و گوتیشی، عێراق هاوپەیمانی ستراتیجیی ئەمریکایە و وڵاتێکی زۆر کراوەیە و پەیوەندی باشی لەگەڵ هەموو وڵاتان هەیە جگە لە ئیسرائیل و پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ ئێران دۆستانەیە.