
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ژمارەیەک بڕیاری لەبارەی بەقاچاخبردنی نەوت دەرکرد.
بەگوێرەی بڕیارەکان، ژمارەیەک بەرپرس لە کەرکووک دوورخراونەتەوە.
بڕیارەکان بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و دەروازە سنوورییەکان دەگرێتەوە.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانى عێراق ڕایگەیاند، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران پێداچوونەوەی بە ڕاپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە قاچاخچێتیی نەوت لە کۆمپانیای نەوتی باکوور کرد و لەو بارەیەوە ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد.
دوورخستنەوەی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان لە پۆستەکەی.
دوورخستنەوەی هەردوو (فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک و فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک) بەهۆی کەمتەرخەمی لە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی نەوت.
بەخشینی فەرماندەی فەوجی یەکی پۆلیسی وزە، یاریدەدەرەکەی، بەڕێوەبەری فەوجی یەکی پۆلیسی وزە و بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی فەوجی یەک.
سەرزەنشتکردنی بەڕێوەبەری ئاسایشی نیشتمانی و بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی لە پارێزگای کەرکووک.
هەڵپەساردن لە کار (لەکارلادانی کاتی)ی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور و جێگرەکانی، تاوەکو ئەو کاتەی لێکۆڵینەوەکە لەلایەن دەستەی دەستپاکیی فیدراڵییەوە تەواو دەبێت.
بەخشینی لێپرسراوی بەشی پشکنین لە کەرکووک لە کۆمپانیای گشتیی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بەهۆی جێبەجێ نەکردنی ئەرکەکانی.
هەڵپەساردن لە کار (لەکارلادانی کاتی)ی بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای پیشەسازیی کانزاکردن لە وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان، تاوەکو ئەو کاتەی لێکۆڵینەوەکان لەلایەن دەستەی دەستپاکیی فیدراڵییەوە تەواو دەکرێن.
ڕەوانەکردنی فایل و سەرپێچییەکان بۆ دادگا و دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی بۆ لێکۆڵینەوە لەو سەرپێچییانەی ئاماژەیان پێ کراوە و خستنەڕوویان لەبەردەم دادوەری دادگای ناوەندیی لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی دژەگەندەڵی:
أ. وردبینیکردن لەو گرێبەستانەی فرۆشتنی نەوتی خاو کە لە نێوان کۆمپانیای نەوتی باکوور و کۆمپانیای "المحور الفضي" و کۆمپانیاکانی دیکەدا ئەنجام دراون، لەگەڵ سەلماندنی هەموو ئەو بڕانەی بەردەستن.
ب. وردبینی بۆ ڕێکارەکانی گەیاندنی نەوتی خاو یان دابینکردنی لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە بۆ پاڵاوگەی بازیان و پاڵاوگەی کار، هەروەها دڵنیابوونەوە لە هاوتابوونی بڕی دابینکراو لەگەڵ بڕی داواکراو.
ج. لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەڕێوەبەر و کارمەندانی کۆمپانیای نەوتی باکوور بەهۆی کەمتەرخەمییانەوە.
د. بەدواداچوون بۆ ئەو مۆڵەتانەی دەدرێنە سەرجەم کارگەکان لەلایەن وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان (بەڕێوەبەرایەتیی گەشەپێدانی پیشەسازی)، بەتایبەت ئەو کۆمپانیایانەی بوونەتە هۆی بەهەدەردانی سامانی گشتی و پارەی هاووڵاتییان.
هـ. لێکۆڵینەوە لەو بڕە پارەیەی بۆ پاسەوانانی مەدەنی خەرج کراوە بە مەبەستی پاراستنی بۆریی نەوت، چونکە لە ڕاستیدا سەر بە کۆمپانیای نەوتی باکوور نین.
و. لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی تایبەت بە نەبوونی پشکنینی تاقیگەیی و ئاشکراکردنی بڕی ئەو نەوتەی هەناردەی دەرەوەی عێراق دەکرێت لە ڕێگەی دەروازەکانی هەرێمەوە.
أ. ڕاسپاردنی سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بە پێنەدانی ڕەزامەندیی هەناردەکردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان، تەنیا لە ڕێگەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە نەبێت، بۆ ڕێگریکردن لە تێکەڵبوونی دەسەڵاتەکان.
ب. وەرگرتنەوەی سەرجەم دەروازە سنوورییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق لەلایەن دەستەی دەروازە سنوورییەکانەوە.
ج. ڕاسپاردنی وەزارەتی نەوت بۆ بەڕێوەبردنی سەرجەم ئەو کێڵگە نەوتییانەی سەر بە وەزارەتن و دەکەونە سنووری کارگێڕیی پارێزگاکانی (دیالە – کەرکووک – سەڵاحەددین – نەینەوا)ـەوە کە لە ڕووی ئەمنییەوە لە ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانی عێراقدان.
أ. فەرماندەیی هێزەکانی سنوور ئەرکی داخستنی دەروازە نافەرمییەکان دەگرێتە ئەستۆ لە چوارچێوەی سنوورە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، لە نێویشیاندا دەروازەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق.
ب. ڕاسپاردنی وەزارەتی بەرگری بۆ ئەوەی لیواکانی ئەرکی هاوبەش (یەکەم – دووەم) سەرجەم ڕێگا لاوەکییەکان لە نێوان پارێزگاکانی (دیالە – سەڵاحەددین – کەرکووک – نەینەوا) و هەرێمی کوردستانی عێراق دابخەن.
ج. ڕاسپاردنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی وزە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بۆ گرتنەدەستی سەرجەم کێڵگە نەوتییەکان و چاودێریکردنیان بە کامێرا، بەو کێڵگانەشەوە کە دەکەونە سنووری کارگێڕیی حکوومەتی فیدراڵی و لە ڕووی ئەمنییەوە لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمدان.
أ. ئامادەکردنی میکانیزمێکی ڕوون کە جووڵەی بەرهەمە نەوتییەکان لە نێوان پارێزگاکان و لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە ڕێک بخات و سەرجەم لایەنەکان پێوەی پابەند بن.
ب. بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای سەردەمیانە بۆ پاراستن و چاودێریکردنی بۆری و بیرە نەوتییەکان (نوێکردنەوەی سیستەمی نیشتمانیی دیجیتاڵی بۆ چاودێریکردنی هێڵەکانی نەوت و ئاشکراکردنی قاچاخچێتی).
ج. بەستنی پێوەری ئەلیکترۆنی لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە لەسەر سەرجەم بیرە نەوتییە کاراکانی عێراق.
د. ئامادەکردنی گۆڕەپانی تایبەت لە بازگەکانی دەروازەی (سلێمانی – هەولێر – دهۆک) لەلایەن تیمی ئەندازیاریی سەر بە نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، کە فەرمانبەرانی وەزارەتی نەوت، پۆلیسی وزە و ئاسایشی نیشتمانی تێیدا جێگیر بن، هەروەها دروستکردنی تاقیگە لەو بازگانەدا بۆ پشکنینی ئەو بەرهەمانەی بەرەو ئەو پارێزگایانە دەردەچن.
هـ. ڕاسپاردنی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان بۆ گواستنەوەی سەرجەم کارگەکانی قیری ئۆکسێنراو و نەفتا کە دەکەونە سنووری کارگێڕیی پارێزگاکانی (دیالە، سەڵاحەددین، کەرکووک و نەینەوا) و لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئەمنیی حکوومەتی فیدراڵیدان، بۆ ناوچەکانی دیکەی ناو هەمان ئەو پارێزگایانە لە ماوەی (6) مانگدا.

حەیدەر عەبودی: پاراستنی بۆرییەکانی نەوت هەموو ناوچەکان دەگرێتەوە
حکومەتى فیدراڵ هەنگاوێکى دیکەى لە بەرامبەر هەرێمى کوردستان نا
