
دوای جورفولسەخر ڕێکارەکانی حکومەتی فیدراڵ لە بواری قاچاغیی نەوت بەردەوامن.
حکومەتی فیدراڵ نیازی هەیە هەمان ڕێکار لە ناوچەکانی دیکەش بگرێتەبەر.
گوتەبێژی حکومەت ئاشکرای دەکات کە دۆسیەی قاچاغچێتیی نەوت ڕەوانەی دادگا کراوە.
حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، پاراستنی هێڵەکانی بۆریی نەوت لە ئەستۆی حکومەتدایە و کاری لەپێشینەیانە، ئاماژەی بەوەش کرد کە دۆسییەی قاچاغچێتیی نەوت ڕەوانەی دادگا کراوە و دەستگیرکردنی تێوەگلاوانی بە دوور نەزانی.
پاراستنی هێڵەکانی بۆریی نەوت لە ئەستۆی حکومەتدایە و تەنیا لە ناوچەیەکی دیاریکراودا قەتیس نابێت، بەڵکو هەموو ناوچەکان دەگرێتەوە.
دەزگا ئەمنییەکان ڕاسپێردراون بۆ بەدواداچوونی هەموو گومانەکانی قاچاخچێتیی نەوت.
لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاپۆرت و زانیارییان لەوبارەیەوە پێشکەش بە سەرۆکوەزیران کردووە.
دوور نییە کەسایەتییە تێوەگلاوەکان لە قاچاخچێتیی نەوت دەستگیر بکرێن و ئەو دۆسیەیە ڕەوانەی دادگا کراوە.
هەر کەسێک ناوی لە لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە دۆسییەی قاچاخچێتیدا بێت، دەستی دادگای پێدەگات.
بارەگای کۆنترۆڵکەر لە جورفولسەخر (جورفولنەسر) بۆ کردنەوەی تەواوەتیی ناوچەکە و گەڕاندنەوەی خەڵکەکەی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان پێکهێنراوە.
هیچ ناکۆکییەک لە نێوان یەکە سەربازییەکانی ناو جورفولسەخردا نییە.
ناوچەکە لە ئاوەدانکردنەوە و گەڕاندنەوەی زیانلێکەوتووان تایبەتمەندیی خۆی دەبێت.
لە کۆتاییدا گوتیشی "هەوڵەکانی حکومەت و ئاستی ئامادەباشیی هێزەکان ڕێگە بە دووبارەبوونەوەی هیچ دڵەڕاوکێیەکی پێشوو لە جورفولنەسر نادەن، هێزە ئەمنییەکانیش لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ پاراستنی هەموو ناوچەکانی وڵات و متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە عێراق گەڕاوەتەوە."
