
بەکارهێنانی درۆن لە جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیادا گەیشتووەتە لووتکە.
هەردوولا تەکنیکی جیاواز بۆ خستنەخوارەوەی درۆنەکان بەکار دەهێنن.
ئۆکرانیا لە بواری بەرهەمهێنانی درۆن و بەرەنگاربوونەوەشیاندا پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەست هێناوە.
بۆ یەکەم جار ئۆکرانیا درۆنێکی ڕووسی لە ڕێگەی بەکارهێنانی لەیزەرەوە خستە خوارەوە، کە تەکنەلۆجیایەکی پێشکەوتووە و هێشتا لە قۆناغی تاقیکردنەوەدا ماوەتەوە.
"برەیڤ وەن" دەزگایەکی تەکنەلۆجیای بەرگریی ئۆکرانیایە و لەلایەن کیێڤەوە پشتیوانی دەکرێت، دیمەنی خستنەخوارەوەی درۆنە ڕووسییەکەی لە ڕێگەی ئەو تەکنەلۆجیا نوێیەوە بڵاو کردەوە کە بە ڕادار چاودێری کراوە.
توانیومانە بۆ یەکەم جار بە بەکارهێنانی سیستمێکی لەیزەریی ئۆکرانی درۆنێکی ڕووسی بخەینە خوارەوە.
لەلایەن یەکەیەکی تایبەتی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرانیاوە بەکار هێنراوە.
سەرکەوتنی کارەکە بەو مانایە نایەت کە تەکنەلۆجیاکە ئامادە بێت بۆ جێگیرکردن و بەکارهێنانی بەرفراوان.
وەک "تەکنەلۆجیایەکی تاقیکاری" دەمێنێتەوە.
بەکارهێنانی ئەم جۆرە چەکە پێشکەوتنێکی نوێیە لە توانا بەرگرییەکانی ئۆکرانیا، لە ئێستاشدا لانیکەم حەوت تیم لەو وڵاتە کار لەسەر پەرەپێدانی ئەو جۆرە چەکە دەکەن.
بەگوێرەی دەزگای برەیڤ وەن، تێچووی بەکارهێنانی چەکی لەیزەری کەمترە لە تەقاندنی فیشەکێکی چەکێکی ئاسایی، بەڵام بەکارهێنانی بەرگریی ئاسمانیی لەیزەری زۆر ئاڵۆزە و پێویستی بە وردەکاریی زۆرە.
هەرچەندە ئەم چەکە لە ساڵی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، بەڵام زۆر بە کەمی لەلایەن وڵاتانەوە لە بواری بەرگریی ئاسمانیدا کاری پێ کراوە و تاوەکو ئێستا بەکارهێنانی لە جەنگەکاندا وەک دۆخێکی دەگمەن تەماشا دەکرێت.