سەنتەری چارەسەری خێرای جەڵتەی مێشک لە نەخۆشخانەی شاری سلێمانی، وەک تاکە سەنتەری پسپۆڕ لەسەر ئاستی عێراق، لە ماوەی دوو ساڵدا ژیانی سەدان هاونیشتمانی لە پەککەوتن و مردن ڕزگار کردووە.
سەنتەری چارەسەری خێرای جەڵتەی مێشک لە نەخۆشخانەی شار، تەمەنی تەنیا دوو ساڵە، بەڵام بووەتە ناوەندێکی ستراتیژی بۆ چارەسەری پزیشکی لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی و عێراق. پزیشکانی پسپۆڕی مێشک و دەمار لەم سەنتەرە جەخت دەکەنەوە کە "کات" فاکتەری سەرەکییە؛ ئەگەر نەخۆش لە ماوەی کەمتر لە چوار کاتژمێر دوای توشبوونی بە جەڵتە بگەیەنرێتە سەنتەرەکە، ئەگەری ڕزگارکردنی ژیانی و گەڕانەوەی بۆ دۆخی ئاسایی زۆر بەهێزە.
لە ماوەی دوو ساڵی تەمەنیدا، ئەم سەنتەرە توانیویەتی ژیانی نزیکەی 550 کەس ڕزگار بکات کە لە کاتی زێڕیندا گەیەنراونەتە نەخۆشخانە. بەهۆی ئەم سەرکەوتنانە و کوالێتی چارەسەرەکان، کۆمەڵەی نێودەوڵەتی چارەسەری جەڵتەی مێشک دووجار خەڵاتی باشترین و یەکەمین سەنتەری لەسەر ئاستی عێراق بەخشیووەتە ئەم ناوەندە پزیشکییە.
جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار ئاماژە بەوە دەکات، بۆ دابینکردنی پزیشکی پسپۆڕ، کارمەندی ڕاهێنراو و پێداویستییە وردە پزیشکییەکان، پشتیان بە هاوکارییەکانی ئیدارەی گشتیی یەکێتی بەستووە. ئەم پشتیوانییە وایکردووە سەنتەرەکە بەردەوام بێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بەبێ پچڕان.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بەرنامەی هەیە لە داهاتوودا ئەم سەنتەرە زیاتر فراوان بکات. بڕیارە لە قۆناغی داهاتوودا سەنتەرەکە تەنها وەک ناوەندێکی چارەسەر نەمێنێتەوە، بەڵکو بکرێتە ناوەندێکی گرنگی توێژینەوە بۆ خوێندکارانی کۆلێژە پزیشکییەکان، تاوەکو سوود لە ئەزموونە سەرکەوتووەکانی ناوەندەکە وەربگرن بۆ پەرەپێدانی زانستی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان.

