
میدیای فەرمی کۆریاى باکوور بڵاویکردەوە، لە ڕۆژی شەممە، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور، سەرپەرشتیی هەڵدانی مووشەکێکی کردووە و کیم یۆ جۆنگ، خوشکە بەدەسەڵاتەکەی جەختی لەوە کردەوە، بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکرد، واتای ئەوەیە هیچ ڕێگەیەک بۆ خۆلادان لە هێرشی ئەم مووشەکە نییە.
کۆریای باشوور و ژاپۆن، چاودێریی مووشەکەکەیان کرد و ڕایانگەیاند، مەودای فڕینی زیاتر لە 700 کیلۆمەتر بووە.
سوپای کۆریای باشوور، ڕەخنەی لە لێدوانەکانی خوشکەکەی کیم گرت کە گوتبووی "هیچ ڕێگەیەک بۆ خۆلادان لە مووشەکەکە نییە" و ڕایگەیاند، دەکرێت ڕێگری لێبکرێت.
کۆریای باشوور، داوای لە کۆریای باکوور کرد، دەستبەجێ واز لەو کردەوانە بهێنێت کە گرژی لە نیمچەدوورگەی کۆریا زیاد دەکەن.
ئەوە لە کاتێکدایە، کۆریای باکوور بەشێوەیەکی چالاکانە توانای سەربازیی خۆی لە ڕێگەی تاقیکردنەوەی مووشەک، نوێکردنەوەی هێزی دەریایی و زیادکردنی چەندێتی و چۆنێتی کۆگای چەکی ئەتۆمییەوە فراوان دەکات.




