
عێراق بڕیاری دا باجی گومرگیی سەرجەم کاڵا و شمەکە هاوردەکراوەکان بە ڕێژەی 5% یەک بخات.
بڕیارەکە دەبێتە هۆی هەرزانبوونی نرخی ئۆتۆمبێل و سەرجەم کەرەستە هاوردەکراوەکان.
بڕیارەکە گشتییە و سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی کەناڵ8، بڕیارەکەی حکومەتی عێراق گشتگیرە و سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بڕیارەکە شەوی ڕابردوو (هەینی) دەرچووە، تاوەکو ئێستا وردەکاریی جێبەجێکردنەکەی بڵاونەکراوەتەوە.
بەم بڕیارە، باجی گومرگیی زۆربەی کاڵاکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کراوەتەوە.
پێشتر باجەکە لەنێوان 10% بۆ 15% بووە و بۆ هەندێک کاڵای تایبەتیش زۆر لەوە زیاتر بووە.
قادر پیرۆت، بەڕێوەبەری گومرگی سلێمانی بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستا بە فەرمی لەبارەى بڕیارەکەوە ئاگادار نەکراونەتەوە، گوتیشى "بەڵام بڕیارەکە گشتگیرە، باس لە هەموو کاڵا هاوردەکراوەکان دەکات و هیچ جیاکارییەکی تێدا نەکراوە."
بەگوێرەى زانیارییەکانی کەناڵ8، ئەگەر ئەم بڕیارە لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکرێت، کاریگەریی نەرێنیی ڕاستەوخۆی لەسەر جووڵەی بازرگانی دەبێت؛ بە جۆرێک زۆرینەی بازرگانەکان ڕوو لە دەروازەکانی عێراق دەکەن بۆ هاوردەکردنی کاڵاکانیان و بەمەش جووڵەی بازرگانی لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لاواز دەبێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، 27ـى تشرینى دووەم، بە بڕیاری عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، باجی گومرگیی سەرجەم کاڵا هاوردەکراوەکان بۆ 5% کەم کرایەوە و یەکخرایەوە.