سێ دەروازەی نیمچەفەرمی بە بڕیاری حکومەتی عێراق داخراون.
جووڵەی بازرگانی لە دەروازە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە.
بەڕێوەبردنی دەروازەکان یەکێکە لە دیارترین خاڵە ناکۆکەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق.
بەگوێرەی بەدواداچوونی کەناڵ8، لە دەروازە وشکانییەکانی (حاجی ئۆمەران، پەروێزخان، باشماخ و ئیبراهیم خەلیل) ڕۆژانە سەدان بارهەڵگر کاڵا و پێداویستیی هاوردەکراو دەگاتە هەرێمی کوردستان و عێراق، هاوکات لە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی و هەولێر کاڵای بازرگانی دەگوازرێتەوە.
بڕیار بوو شەش دەروازەی نیمچەفەرمی لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ سیستمی ئەسیکۆدا یەکلا بکرێنەوە.
بۆ ئەو مەبەستە لە ڕابردوودا شاند لە بەغدادەوە هات، بڕیار وا بوو ئەگەر گونجاو بێت ئەو دەروازانەش بکرێنە فەرمی و نێودەوڵەتی.
بەغداد بێ گەڕانەوە بۆ کۆنووسی هاوبەشی هەردوولا، سێ لەو دەروازانەی داخست و مەترسی لەسەر ئەوانی دیکەش هەیە.
حکومەتی عێراق دەروازەی سنووریی وەلیدی لەنێوان عێراق و سووریا بە دیواری کۆنکرێتی داخست.
دەروازەی سنووریی سمێڵکاش لەنێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان داخراوە و تەنیا ڕێگە بە هاتووچۆی مرۆیی دەدرێت.
دەروازەی پشتە لە سنووری شارەدێی بەمۆ داخرا.
شوکری جەمیل، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی پارێزگای دهۆک بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، داخستنی ئەو سێ دەروازەیە کاریگەریی نەرێنی لەسەر جووڵەی بازرگانی و بازرگانانی هەرێمی کوردستان دروست کردووە، چونکە لەو دەروازانەوە کاڵا و پێداویستی لەنێوان هەردوولا ئاڵوگۆڕ دەکرا.
بڕیار بوو لیژنەی هاوبەش بۆ یەکلاکردنەوەی شەش دەروازە نیمچەفەرمییەکە پێکبهێنرێت.
بۆ دۆسیەی دەروازە سنوورییەکان چاوەڕێی لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەین.
لە دەروازە فەرمییەکان جووڵەی بازرگانی ئاساییە و ڕۆژانە سەدان بارهەڵگر هاتووچۆ دەکەن.
حکومەتی عێراق دەیەوێت داهاتی دەروازە سنوورییەکان بگەڕێتەوە بۆ بەغداد، بەڵام هەرێمی کوردستان بەوە ڕازی نییە و دەیەوێت داهاتی دەروازەکان 50 بە 50 لەنێوانیاندا دابەش بکرێت، ئەوەش گرفتی سەرەکیی جێبەجێنەکردنی سیستمی ئەسیکۆدا بووە.
هەرێم کەمال ئاغا: بە قاچاخبردنی نەوت لە هەرێمى کوردستان هەیە بەڵام بەو ڕێژەیە نییە باس دەکرێت
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کەناڵ8: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵ و هەرێمێکی کوردستانی سەقامگیر دەکەین
گوتەبێژی حکومەتی عێراق: پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا بە 12.7% جێگیر کراوە
