
عێراق بە داشکاندنى 37 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوتى بەسرە دەفرۆشێت.
عێراق ڕۆژانە 570 هەزار بەرمیل نەوت دەگەیەنێتە بەندەرى جەیهان.
عێراق لە بۆریى نەوتى هەرێمى کوردستانەوە 450 هەزار بەرمیل دەگەیەنێتە بەندەرى جەیهان.
عێراق لە بۆریى نەوتى عێراق- تورکیا 120 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا هەناردە دەکات.
تێچووى گواستنەوەى یەک بەرمیل نەوتى عێراق بۆ تورکیا 1.62 دۆلارە.
پێش جەنگى ئیسرائیل و ئەمریكا بەرامبەر ئێران، كۆمپانیای بە بازاڕکردنى نەوتى عێراق(سۆمۆ) راستەوخۆ نەوتی خاوی به نرخی ڕۆژ به کۆمپانیاکانى وڵاتان ده فرۆشت، بەڵام بەردەوامیى جەنگەکە و داخستن و سنوورداربوونى هاتوچۆى دەریایی لە گەرووى هوورمز، عێراقى ناچارکرد ڕێگەى دیکە بدۆزێتەوە بۆ فرۆشتنى نەوتەکەى بە ڕێگاى دیکە، یەکێک لە ڕێگاکانیش، هەناردەى نەوتە بۆ بەندەرى جەیهان لە تورکیا.
عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق 30ـى تەمموزى ئەمساڵ سەردانى تورکیاى کرد و ڕێککەوتنێکى واژۆکرد، تاوەکو هەناردەى نەوتى خاو لە بەندەرى جەیهان بگەیەنێتە یەک ملیۆن بەرمیل.
پاشان لە 2ـى تشرینى یەکەمى ئەمساڵ، وەزیرانى نەوتى عێراق و تورکیا کۆبوونەوە و ڕێککەوتن ڕۆژانە 750 هەزار بەرمیل نەوت لە عێراقەوە هەناردەى بەندەرى جیهان بکرێت.
باجى گواستنەوەى هەر بەرمیلێکیش بە دۆلارێک و 62 سەنت دیاریکرا، ڕێککەوتنەکە بەو جۆرەیە ئەگەر یەک بەرمیلیش هەناردە نەکرێت، عێراق دەبێت ئەو تێچووە بداتە تورکیا.
عێراق بۆ ئەوەى هەناردەى نەوت بگەیەنێتە 750 هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانە، لەگەڵ كۆمپانیا خۆماڵییەکانى (كارو قەیوان) ڕێککەوتنى کردووە بۆ فرۆشتنى نەوتى بەسرە بە نرخى داشکێنراو، کە هەر بەرمیلێک 37 دۆلارە، نەوتەکە بەتانکەر لە بەسڕەوە دەگوازرێتەوە بۆ کۆگاکانى کۆمپانیاى نەوتى باکوور و خورمەڵە و لەوێوە هەناردەى تورکیا دەکرێت.
وەزارەتى نەوتى عێراق و بەتایبەت کۆمپانیاى سۆمۆ تەنیا کارە لۆجستییەکان دەکات.
کۆمپانیاکانیش مانگانە لەگەڵ وەزارەتى نەوت پاکتاوى دارایی نێوانیان دەکەن، ئەو دوو کۆمپانیایە لەبرى پێدانى پارە، نەوتى خاو لە پاڵاوگەکانى بازیان و کەورگۆسک بۆ حکومەتى عێراقى دەپاڵێون و بەرهەمە نەوتییەکانى دەدەنەوە بە عێراق.
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى کەناڵ8 لە کۆمپانیاى نەوتى باکوورەوە دەستیکەوتوون، لە ئێستادا کۆمپانیاى کار ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتى بەسرە دەکڕێت بە نرخى داشکێنراو بۆ خورمەڵە دەیگوازێتەوە، بەڵام کۆمپانیاى قەیوان ماوەى 15 ڕۆژە هیچ نەوتێکى بەسرەى نەکڕیوە، تەنیا ئەو نەوتە خاوە دەگوازێتەوە کە بۆ پاڵاوتنى بەرهەمە نەوتییەکان لە بەغداد وەریدەگرێت.
سەرچاوەیەک لە کۆمپانیاى نەوتى باکوور ئاماژەى بەوەکرد، هەرێمى کوردستان لە ئێستادا ڕۆژانە 210 هەزار بەرمیل نەوتى خاو بۆ بەندەرى جەیهان دەگوازێتەوە، داوایان لێکراوە بەرهەمهێنانى نەوت زیاد بکەن، هاوکات داوایان لێکراوە کۆمپانیاى دى ئێن ئۆى نەرویجى کە ڕۆژانە زیاتر لە 80 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و لەناو ڕێککەوتنى سێ قۆڵیى وەزارەتى سامانە سروشتییەکان و وەزارەتى نەوتى عێراق و کۆمپانیاکان نییە، بچێتە ڕێککەوتنەکەوە و لە ئێستادا گفتوگۆکان لەسەر ئەو پرسە بەردەوامن، ئەگەر ڕێککەوتنەکە بکرێت، هەرێمى کوردستان لە سەرەتاى ساڵى نوێ دەتوانێت 300 هەزار بەرمیل نەوتى خاو هەناردە بکات.
هەموو ئەو نەوتەى ڕۆژانە لەڕێگەى بۆریى نەوتى هەرێمى کوردستان دەگاتە بەندەرى جەیهان 450 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، کە پێکهاتووە لە 60 هەزار بەرمیل نەوتى کیڵگەکانى کەرکووک، 210 هەزار بەرمیل نەوتى کێڵگەکانى هەرێمى کوردستان، 180 هەزار بەرمیل نەوتى بەسرە، چونکە 250 هەزار بەرمیلەکەى نەوتى بەسرە 70 هەزارى بۆ پاڵاوگەى کەورگۆسک دەڕوات.
بەهەمانشێوە، کۆمپانیاى سۆمۆ له باشووری عێراق بەهۆى مەترسیى هاتوچۆى کەشتییەکان لە گەرووى هوورمز، نەوتى خاوى بەسرە بە 37 دۆلار کەمتر دەفرۆشێت بە کۆمپانیاکانى نێوەندگیر و ڕاستەوخۆ پارەى نەوتەکە دەخرێتە سەر هەژمارى وەزارەتى نەوت، هەروەها بەهۆى بوونى مینى دەریایى و تەقینەوەیان بە کەشتییە نەوتهەڵگرەکاندا، کرێى دڵنیایی کەشتییە نەوتییەکان زۆر زیادیکردووە، بۆیە عێراق وەک پێشتر ڕاستەوخۆ نەوتەکە نافرۆشێت، بەڵکو بە کۆمپانیاکانى نێوەندگیرى دەفرۆشێت، عێراق پێیوایە هەناردەکردنى نەوتەکەى بۆ تورکیا قازانجترە و هەوڵەکانى چڕکردووەتەوە بۆ زیادکردنى هەناردە بۆ بەندەرى جەیهان.
هاوکات، وەزارەتى نەوت پاش کارپێکردنى هێڵى نەوتى عێراق- تورکیا لە 16ـى ئەم مانگەدا بەنیازە جگە لە ڕێگەى بۆریى نەوتى هەرێمی کوردستان و گەیاندنى نەوتى بەسرە بۆ خورمەڵە بەتانکەر، نەوت هەر بەتانکەر بگوازێتەوە بۆ وێستگەى ئاى تى وەن ئەى (IT1A) تاوەکو هەر چۆنێك بێت لە 750 هەزار بەرمیل نزیك ببێتەوە، کە لە ئێستادا لەو بۆرییەوە تەنیا 120 هەزار بەرمیل نەوتى خاو هەناردە دەکرێت.
یەکێک لە گرفتەکانى وەزارەتى نەوتى عێراق ئەوەیە ئەو وێستگەیە له نزیك شارۆچکەى شەرگات کە نەوتەکەى لێوە پاڵدەنرێت تاوەکو وێستگەى پى ئێس سێ (PS3) لەناو خاكی توركیا کە درێژییەکەى 235 كیلۆمەتره ئەمەش پێویستى بە پاڵپێوەنان و پەستانێکى زۆر هەیە کە کاریگەریى نەرێنى لەسەر بۆرییە 46 ئینجەکە دروست دەکات، چونکە بۆرییەکە کۆنەو بەرگەى ئەو پەستانە زۆرە ناگرێت، بۆیەم لەم قۆناغەدا بەغداد قورسە هەناردەى نەوتەکەى بگاتە 750 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا،کە لە ئێستادا بە گشتى 570 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا.
عێراق هەوڵەکانى چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەى تاوەکو سەرەتاى ساڵى نوێ هەناردەى نەوتەکەى لەڕێگەى تورکیاوە بگەیەنێتە 750 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، تاوەکو باجى کرێى گواستنەوەى نەوتەکەى یەک دۆلارو 62 سەنت بێت، چونکە لەم دۆخەدا گواستنەوەى هەناردەى نەوتەکەى بۆ تورکیا تاوەکو دوو دۆلار دەڕوات، کە ئەوەش لە قازانجى عێراقدا نییە.