تاوەکو ئێستا ڕەشنووسی بودجەی عێراق نەنێردراوە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران.
دۆسییەی نەوتی هەرێمی کوردستان بووەتە بەربەست بۆ پەسەندکردنی بودجە.
جیاوازیی 195 هەزار بەرمیل نەوت ناردنی ڕەشنووسی بودجەى دواخستووە و بەغداد گومانى لە ژمارەکانى هەرێمى کوردستان هەیە.
ئەو وادە یاساییەی بۆ پەسەندکردنی بودجەی 2027 دیاریکراوە، خەریکە تەواو بێت و تاوەکو ئێستا ڕەشنووسەکە لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و نەنێردراوە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەوەش لە کاتێکدایە ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی دۆسییەی نەوت بەربەستی گەورەیە.
هەوڵ دەدرێت ئەم هەفتەیە لە ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی لەسەر بدرێت و ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت.
هەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانان ڕەشنووسی پڕۆژەکەیان تەواو کردووە.
تاوەکو ئێستا بەغداد و هەرێمی کوردستان لەسەر خاڵە ناکۆکەکان کە گرنگترینیان دۆسییەی نەوتە، ڕێکنەکەوتوون.
حکومەتی فیدراڵ ڕژدە لەسەر داواکانی و ڕازی نابێت بە پێشنیازەکانی هەرێمی کوردستان، هەرێمی کوردستانیش مەرجەکانی عێراق ڕەتدەکاتەوە.
زۆرینەی بابەتەکانی دیکە یەکلایی بوونەتەوە.
هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی پشک و هەناردەی نەوت هێشتا زۆر دوورن لە یەکدی.
لە پڕۆژەکەدا هەناردەی 445 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە.
حکومەتی عێراق بڕوای وایە هەرێمی کوردستان دەتوانێت ئەو بڕە هەناردە بکات، بەڵام هەرێمی کوردستان تەنیا ڕەزامەندی لەسەر 250 هەزار بەرمیل پیشانداوە.
حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق:
بڕی بەرهەمهێنانی نەوت زۆر لەوە زیاترە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی دەکات.
ئێستا یەکێک لە گرنگترین ئاستەنگییەکانی بەردەم تێپەڕاندنی بودجە، بەردەوامیی ناکۆکییە لەسەر ئەو ماددەیەی تایبەتە بە هەرێمی کوردستان و تاوەکو ئێستا ڕێککەوتنی لەسەر نەکراوە.
دیلان غەفور: هەرێمى کوردستان و عێراق لەسەر پڕۆژەیاساى بودجە زۆر لە یەک دوورن
عەبودى: بەرهەمى نەوتى هەرێمى کوردستان لەوە زیاترە کە خۆیان ئاماژەى پێ دەکەن
زانیاریى نوێ؛ پشکی هەرێمى کوردستان زیاددەکرێت و هێڵە سوورەکانیش دیاریدەکرێن
