لەماوەیەکی نزیکدا لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانیش دۆلار بە نرخی فەرمی دەدرێت بە گەشتیاران.
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، چەند کۆمپانیایەک بۆ ئەو مەبەستە ڕەزامەندییان لە بانکی ناوەندی وەرگرتووە.
عەلی شێخ خاڵس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، کێشەی نەبوونی دۆلار بە نرخی فەرمی لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی، هۆکارەکەی نەبوونی کۆمپانیایەک بووە کە هەماهەنگ بێت لەگەڵ بانکی ناوەندی بۆ ئەوەی پرۆسەی پێدان و گواستنەوەی دۆلارەکە بگرێتە ئەستۆ.
ئێستا چەند کۆمپانیایەک ناوی خۆیان تۆمار کردووە لەلای بانکی ناوەندی و ڕەزامەندیشیان پێدراوە دەستبکار بکەن.
لە 11ـی ئەم مانگەدا وەکو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق چوونەتە بانکی ناوەندی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، دواتر، بانکی ناوەندی لەڕێگەی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە بەغداد کۆمپانیاکانی حەواڵەی ئاگادارکردەوە، لەڕێگەی بانکی ناوەندییەوە ڕەزامەندییان پێدراوە، بەمەبەستی دابینکردنی دۆلار لەنێو فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستاندا.
ئەوەی ماوە تەنیا ڕێکارە ئیدارییەکانە کە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان تەواوی بکەن.
بە دڵنیایی کە لەماوەیەکی نزیکدا لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانیش دۆلار بە نرخی فەرمی دەدرێت بە گەشتیاران و هیچ كێشەیەکی بۆ دروستنابێت.
بڕیارەکەی بانکی ناوەندی بەوجۆرەیە کە هەر گەشتیارێک لەڕێگەی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و جەلال تاڵەبانییەوە گەشت بکات، بڕی 3000 دۆلاری بە نرخی بانکی ناوەندی پێدەدرێت، هەر لە بڕیارەکەدا هاتووە، هەر کەسێک دەتوانێت لە ساڵێکدا شەش جار لەم پشکە سوودمەند بێت.