سلێمانی لە نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلەدا یەکەمی سەر ئاستی عێراقە

کەناڵ8
نەشتەرگەرییەکان لە ناوەندی نەخۆشییەکانی گورچیلە ئەنجامدەدەرێت
نەشتەرگەرییەکان لە ناوەندی نەخۆشییەکانی گورچیلە ئەنجامدەدەرێت

بەگوێرەی نوێترین بڵاوکراوەی بەڕێوبەرایەتیی تەندروستیی گشتیی سلێمانی، پارێزگای سلێمانی پلەی یەکەمی گرتووە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلە.

سەنتەری نەخۆشییەکانی گورچیلە، ناوەندی بەرپرسیارە لە نەشتەرگەرییەکانی چاندنی گورچیلە لە شاری سلێمانی. لەم ناوەندە لە هەفتەیەکدا سێ رۆژ نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلە ئەنجامدەدرێت، هاوکات لە هەفتەیەکدا سێ نەشتەرگەریی سەرکەوتووی لەم چەشنە جێبەجێدەکرێت، لە کاتێکدا لە بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەم نەشتەرگەرییە زۆر بە کەمی ئەنجامدەدرێت یاخود هەر ئەنجامنادرێت.

حەوت پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری، سێ پزیشکی پسپۆڕی هەناوی و گورچیلە، دەستەیەک لە پسپۆڕانی بواری بەنج، شانەزانی و تیشکزانی، سەرجەمیان پێکەوە لەم سەنتەرە بەشداری لە بەرێوەبردنی کۆی پرۆسەی چاندنەکەدا دەکەن.

پرۆسەی چاندنی گورچیلە پرۆسەیەکی ورد و رێکخراوە. لە پاش ئەنجامدانی ئەم نەشتەرگەرییە، نەخۆشەکە بۆ ماوەی یەک هەفتە لە بەشی چاودێریی چڕدا دەمێنێتەوە و پاشانیش دەبێت بۆ ماوەی نزیکەی سێ مانگ لە ماڵەوە بێت و بەرکەوتنی بە خەڵکی ئاسایی و ژینگەی دەرەوە نەبێت، تاوەکو نەخۆشەکە پارێزراو بێت لە تووشبوون بە هەوکردن. لەڕاستیدا هۆکاری پشت ئەم خۆپارێزییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە دەرمانی دژەبەرگری بە چارەخوازەکە دەدرێت، بۆ ئەوەی نەشتەرگەریی چاندنەوەکە سەرکەوتووببێت.

لە ناوەندی نەخۆشییەکانی گورچیلە لە سلێمانی، رێژەی سەرکەوتنی نەشتەرگەرییەکانی چاندنی گورچیلە زۆر بەرزە، رێژەکە لە سەرووی لە 95%ـە. هەڵبەتە ئەم نەشتەرگەرییە تایبەتە بەوانەی گورچیلەیان سستبووە، یاخود لە قۆناغی شوشتنەوەی گورچیلەدان. پەیڕەوکردنی ئەم رێگەچارەیە وا دەکات نەخۆشەکان لەدەست ئەم گرفتە رزگارببن و ژیانیان بگەڕێتەوە بارودۆخی ئاسایی.

کەناڵ8

Mon Jul 15 2024

Loading related news...