مەسروور بارزانى خۆشحاڵى خۆى بە کۆبوونەوەکەى لەگەڵ عەلى زەیدى پیشانداوە.
بە گوتەى مەسروور بارزانى لەگەڵ زەیدى لێکتێگەیشتنیان هەبووە بۆ ئەوەى یەک بەشە بودجە بۆ هەرێمى کوردستان تەرخانبکرێت.
سەردانەکەى مەسروور بارزانى هاوکاتە لەگەڵ بڕیارى کشانەوەى یەکێتى لە کابینەى نۆیەم.
مەسروور بارزانى لە تۆمارێکى ڤیدیۆیدا گوتى "لە سەردانەکەی ئەمڕۆمان بۆ بەغداد، کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگ و بەرهەمدارمان هەبوو لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران و وەزیرە پەیوەندیدارەکانی دارایی و نەوت".
جەختمان لەسەر مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە، لەوانە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
گەیشتووینەتە ئەنجامێکی زۆر باش کە لە بەرژەوەندی هەموو عێراقدایە و لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستانیشدایە.
لەسەر بابەتی بودجە، گەیشتینە ئەو ڕێککەوتنە لەگەڵ سەرۆکوەزیران، کە مووچەی هەرێمی کوردستان مسۆگەر و بەردەوام دەبێت.
لەسەر شایستە داراییەکانی دیکەیش میکانیزمی گونجاو و تێگەیشتنی لەسەر کراوە و تێگەیشتنی باشمان هەیە، بەتایبەتی لەسەر ئەوەی کە هەرێم وەک یەک هەرێم و یەک میزانییە بۆ هەموو هەرێمى کوردستان تەرخان دەکرێت.
ئەمەش جێی دڵخۆشی ئێمە و هیوادارم هەموو خەڵکی کوردستانیش بێت.
مەسروور بارزانى باسى لەوەکردووە، لەسەر بابەتی کۆرمۆر، هەردوولایان کۆکبوون لەسەر ئەوەی کە ئەمجۆرە هێرشانە لەسەر کێڵگە نەوتییەکان و کێڵگە گازییەکان کۆتاییان بێت.
گوتیشى "ئێمە سەرکۆنەى ئەو جۆرە هێرشانە دەکەین بۆ سەر هەر شوێنێک لە عێراق بەتایبەتی ئەو ژێرخانە ئابوورییانەی کە ژیانی خەڵکیان پێوە بەندە".
لەسەر بابەتی نەوتیش دیسان ڕێککەوتین لەسەر ئەوەی کە ئێمە هاوڕاین لەسەر ئەوەی سیاسەتێکی نەوتی لە هەموو عێراق ئێمە هاوبەش بین لەگەڵیاندا و لەگەڵ زیادکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەموو عێراقدا.
لەسەر ئەوەش میکانیزمی پێویست باسی لەسەر کراوە کە چۆن بتوانین زیاتر هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بکەین.
ئەمڕۆ مەسروور بارزانی، بە سەرۆکایەتیى شاندێکى حکومەتى کاربەڕێکەر بەبێ تیمى یەکێتى سەردانى بەغدادى کرد.