
ئارسیناڵ لە جامی کاراباو تووشی شۆکێکی مێژوویی و لەبیرنەکراو بوو، دوای ئەوەی لە قۆناغی شانزەی پاڵەوانێتییەکەدا لەلایەن یانەی فلیتۆود تاونەوە دەرکرا، کە یانەیەکی خولی پلە چواری ئینگلتەرایە. ئەم شکستە تاڵە وایکرد کە درێژخایەنترین چاوەڕوانی یانەکە بۆ بەدەستهێنانی نازناوی جامی کاراباو درێژبێتەوە و ماوەی قەیرانی یانەکە لەم پاڵەوانێتییەدا گەیشتە 33 ساڵ، کە ئەمەش لێدانێکی قورس بوو بۆ هاندەران و کارگێڕی یانەکە لە لەندەن.
یارییەکە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە کاتی ئاساییدا بە ئەنجامی گۆڵێک بۆ لایەک بەیەکسانبوون کۆتایی هات، سەرەڕای هەوڵە زۆرەکانی یانەی ئارسیناڵ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی یارییەکە و دروستکردنی هەلی مەترسیدار، بەڵام یاریزانانی فلیتۆود تاون توانیان بە بەرگرییەکی پۆڵایین بکەن و بەتەواوی پارێزگاری لە ئەنجامەکە بکەن تا یارییەکە دەگاتە لێدانی یەکلاکەرەوە، لە لێدانی یەکلاکەرەوە فلیتوود بە ئەنجامی 5-3 بردیەووە و سەرکەوتنی بەدەستهێنا و مێژوویەکی گەورەی تۆمارکرد، لە کاتێکدا میکێل ئارتێتا و یاریزانەکانی بە بێهیوایی و دڵتەنگییەکی قووڵەوە یاریگاکەیان بەجێهێشت.
ئارتێتا لە لێدوانەکانیدا دوای یارییەکە دان بەوەدا نا کە ئەمە "ڕۆژێکی زۆر خەمناکە" بۆ مێژووی یانەکە، جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە سەرەڕای هەوڵی یاریزانان و نەبوونی کێشە ، بەڵام نەقۆستنەوەی هەلەکان و تۆمارنەکردنی گۆڵی زیاتر بووە هۆی ئەوەی کە باجێکی گەورە بدەن و لەم قۆناغە هەستیارەدا ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە بکەن.
ئەم دەرچوونە شۆکهێنەرە ڕەنگدانەوەی لاوازیی مێژوویی یانەکەیە لە بەرامبەر تیپی خولەکانی دیکە، هاوشێوەی ئەو رووداوە ناخۆشەی کە لە وەرزی 2012-2013 لە بەرامبەر یانەی برادفۆرد سیتی ڕوویدا، کە ئەوکاتیش بە لێدانی سزادا لە هەمان قۆناغدا دەرکرابوون.
ئێستا ئارسیناڵ دەبێت سەرنجی خۆی بخاتە سەر پێشبڕکێکانی تری وەکو پریمەرلیگ و جامپیۆنزلیگ، بە هیوا ئەوەی قەرەبووی ئەم شکەستە گەورەیە بۆ هاندەرانییان بکەنەوە.