
کۆمپانیایەکی چینی بە فەرمی پەیوەندییە بازرگانییەکانی خۆی لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ پچڕاند
ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە یاریزانەکە لە چاوپێکەوتنێکدا قسەیەکی کرد کە دڵی خەڵکی چینی شکاند و بە ئاشکرا ناڕەحەتی و کاردانەوەی لێکەوتەوە، کاتێک دانی بەوەدا نا کە زۆر پێدەنێت بەو مێم و وێنە گاڵتەجاڕانەیەی کە ڕوخساری ئەوی لەگەڵ ماو تسێ تۆنگ، سەرکردەی مێژوویی چین، بەراورد دەکات و ناویدەبات بە مێمی دکتاتۆری چینی، کیلیان وتی حەزم لەو میمەیە و بۆ گاڵتە هەمیشە بۆ هاوڕێکانمی دەنێرم، خەڵکی چینیش پێیان وایە ئەمە سوکایەتییە، یەکەم لایەنیش کە کاردانەوەی هەبوو، کۆمپانیایەک بوو.
کۆمپانیاکە گرێبەستەکەی کۆتایی پێهێنا
کۆمپانیای بەرهەمهێنانی خواردنەوەی چینی (دۆنگ پێنگ) بڕیارێکی توندی دەرکرد و کۆتاییهاتنی دەستبەجێی گرێبەستە هاوبەشەکەی لەگەڵ ئەم ئەستێرە فەرەنسییە راگەیاند، بەو پێیەی سیاسەتی کۆمپانیاکە و بازاڕی چین گرنگییەکی زۆر بە بەهای نیشتمانی و ڕێزگرتن لە سیمبولە مێژووییەکان دەدەن و هیچ جۆرە سووکایەتییەک یان گاڵتەکردنێک بەو بابەتانە قبوڵ ناکەن.
بۆیە کۆمپانیاکە جەختی لەوە کردەوە کە سیاسەتی ئەوان لە بەرامبەر ئەم جۆرە لێدوان و هەڵوێستانەدا بریتییە لە (زیرۆ تۆلێرانس ) واتە هیچ لێخۆشبوونێک بوونی نییە.
سەرچاوەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم ڕووداوە زیانێکی دارایی و ڕیکلامیی گەورەی بۆ کیلیان ئێمباپێ لێکەوتووەتەوە، چونکە بازاڕی چین یەکێکە لە گرنگترین و قازانجبەخشترین ناوچەکان بۆ یاریزانە ناسراوەکانی جیهان و گرێبەستە بازرگانییەکانیان.
شارەزایانی بواری مارکێتینگ پێشبینی دەکەن کە ئەم قەیرانە ڕەنگە کاریگەریی نەرێنی لەسەر داهاتووی گرێبەستە نێودەوڵەتییەکانی تری یاریزانەکەش هەبێت ئەگەر بێتو روونکردنەوەی زیاتر نەدات یان داوای لێبوردنێکی فەرمی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان نەکات.
بەشێک لە خەلک پێیوابووە کە ئەم جۆرە لێدوانە هەستیارییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی زۆر بەرزە لە کیشوەری ئاسیادا و یاریزانانی پیشەگەر دەبێت لە کاتی لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکاندا زۆر وریا بن بۆ ئەوەی تووشی زیانێکی لەم شێوەیە نەبن کە ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی پچڕانی گرێبەستە گەورەکانیان.
لەم بارەیەوە:
کیلیان داوای لێبوردنی کرد و گوتی: “لێدوانەکەم جوان نەبوو، هەستی خەلکێکی زۆری چینیم بریندار کردووە، داوای لێبوردن دەکەم رێزم هەیە بۆ گەلی چین و مێژووە ناوازەکەیان”
لالیگا:” لالیگا بەهۆی ئەو قسەیەی ئێمباپێ لەسەر چینیەکان داوای لێبوردن دەکات”
خاڤیێر تیباس: “بە تایبەتی داوای لێبوردن لە خەلکی چین دەکەین، وەکو سەرۆکی لالیگا بەرپرسیارێکی قسەکانی کیلیان هەڵدەگرم”
