
سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی ئەمنیی هاوبەش بۆ دروستکردنی خاڵی ئەمنیی ستراتیجی و کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان و داخستنی دەروازە نافەرمییەکان، دەشڵێت، لیوا هاوبەشەکان چالاک دەکرێن و بۆشایی ئەمنی پڕدەکرێتەوە.
سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕایگەیاندووە، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەڕێوەچووە، کە سوپاسالاری پێشمەرگە و نوێنەرانی هێزە ئەمنییەکانی هەولێر و سلێمانی و هێزە عێراقییەکان ئامادەی بوون بەڕێوەچوو، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆسییە مەیدانی و هەواڵگرییەکان کرا، جەختکراوەتەوە، عێراق بەرەو هەڵسانەوە دەچێت، تاوەکو ببێته ژمارەیەکی کاریگەر لەڕێگەی بڕیارە ئەمنییەکانییەوە لەچوارچێوەی دەوڵەتدا، ئەو بڕیاریانەش هیچ کاریگەرییان بۆسەر تایبەتمەندیی هێزەکانی پێشمەرگە نابێت.
دەشڵێت، بەگوێرەى ڕێککەوتنەکە 17 خاڵی ئەمنیی ستراتیجی لەنێوان حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دروست دەکرێت، بڕیاری ئەمنی یەکدەخرێت، بە تایبەت دوای دەرچوونی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.
سەعد مەعن جەختلەوە دەکاتەوە، ئەو دوو لیوا هاوبەشەی دروستکراون چالاک دەکرێن بۆ ڕێگەگرتن لە بەکارهێنانی بۆشایی ئەمنی لەلایەن پاشماوەکانی تیرۆر و باندەکانی قاچاغچێتییەوە، بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی ناوچەکان.
بەگوتەی سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی، لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەولێر و بەغداد پێکدەهێنرێت بۆ ڕوپێوکردنی گشتگیری هێڵی سنووری لە هەرێمی کوردستان و داخستنی دەروازە سنوورییە نافەرمییەکان، کە مەرجەکانیان تیادانییه و هێشتنەوەی ئەو دەروازانەی مەرجیان تیادایە، لەگەڵ زیاترکردنی ڕۆڵی هێزەکانی سنوور بە پاڵپشتیی هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر سنووری عێراق – تورکیا.
سەعد مەعن ڕاشیگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا چالاککردنی هەماهەنگی لەڕێگەی بنکەکانی پەیوەندیی هاوبەشەوە پەسەندکراوە، بەمەبەستی دەستگیرکردنی داواکراوەکان و چارەسەرکردنی پرسی کرێکارانی بیانی و ناردنەوەیان بۆ وڵاتەکانی خۆیان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغداد بەگوێرەى یاسای مانەوەی عێراقی و زیاترکردنی ئۆپراسیۆنەکانی دژ بە بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان.
بە بەشداریی بافڵ جەلال تاڵەبانی هاوپەیمانیی ئیدارەى دەوڵەت لە بەغداد کۆبووەوە
نەخشەی دابەشبوونی 26 دەروازەی سنووریی عێراق و هەرێمی کوردستان
هەولێر و بەغداد لەسەر سیستمی ئەسیکۆدا گەیشتوونەتە خاڵی بڕیاردان

