
کەجەکە، ڕایگەیاند، کۆتاییهاتنی پەکەکە دەستپێکێکی نوێی خەباتە.
کەجەکە دەڵێت، ئامانج لە پڕۆسەکە بەدەستهێنانی دەستکەوتی گەورەیە.
کەجەکە ڕاگەیێنراوێکی لە بارەی یادی دامەزراندنی پەکەکە بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، پەکەکە وەک پێشەنگی درێژترین خەبات ناویهێنراوە و ئاماژە بەوەکراوە، بەهۆی ئەو خەباتەوە، گۆڕانکاریی گەورە لە نێو گەلی کورددا بەدیهات.
سەبارەت بە چەکدانان و خۆهەڵوەشانەوەی پەکەکە کەجەکە دەڵێت، کۆتاییهێنان بە کار و چالاکییەکان لە ژێر ناوی پەکەکەدا، دەستپێکێکی نوێی تێکۆشانە.
کەجەکە لە بارەی پڕۆسەی ئاشتیش دەڵێت، ئەو پڕۆسەیەی دوو ساڵە بەردەوامە، ستراتیجی نوێی خەباتی سیاسییە و لەسەر بنەمای تێکۆشانی ڕابردوو بونیادنراوە.
ئامانج لە پڕۆسەکەش بەدەستهێنانی دەستکەوتی گەورەیە.
پەکەکە لە کاتێکدا یادی خۆی دەکاتەوە، ماوەی ساڵ و نیوێکە لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتیدا خۆی هەڵوەشاندووەتەوە و خەباتی چەکداریی دژی تورکیا ڕاگرتووە.