پووختەی هەواڵ:
فێستیڤاڵەکە ماوەی دوو ڕۆژ لە شنگال بەڕێوەچوو
یەکەم فێستیڤاڵە بەم هەمەجۆرییە کولتوورییە سازدەکرێت
هونەر و کولتووری تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی کۆکردەوە
چەندین چالاکیی موزیکی و تابلۆی سەما پێشکەش کران
فێستیڤاڵەکە بە ناونیشانی (دەنگبێژ و گۆڤەند) بە بەشداریی هونەرمەند و گرووپە هونەرییەکانی شنگال، کەرکووک و شارەکانی هەرێمی کوردستان، ڕێکەوتی 21 و 22ی تشرینی دووەم بەڕێوەچوو.
ئامانج لەم فێستیڤاڵە بریتیبوو لە:
زیندووکردنەوەی کەلەپوور
پیشاندانی هەمەجۆریی گۆرانی و سەما
دەرخستنی دەوڵەمەندیی فۆلکلۆری کوردی
جەختکردنەوە لە دانەبڕاوەیی فۆلکلۆر لە شوناس و میراتی کولتووری
فەهد حەربۆ، سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە، بە کەناڵ8ی وت:
گۆڤەند و دەنگبێژیی شنگال و دەرەوەی شنگال، گرنگە لە یەکتر فێرببن.
ئەم فێستیڤاڵە تەنیا پیشاندانی هونەر و کولتوور نییە: پردێکی پەیوەندیی گرنگ دروستدەکات لەنێوان کولتوور و شێوازە جیاوازەکاندا، دەرفەتە بۆ پاراستنی میراتی دەوڵەمەندی کورد لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە.
هونەرمەندان، حەیدەر بەرزنجی و سیامەند بەواری، بۆ کەناڵ8 جەختیان کردەوە:
ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە زۆر گرنگن، شارەزای کولتووری یەکتری دەبین.. فێستیڤاڵەکە ئێمە و شەنگال زیاتر بەیەکترەوە دەبەستێتەوە.
