
قوباد تاڵەبانی: لە دوای هەڵبژاردنەوە دۆخی سیاسیی ناوخۆ گەیشتووەتە بنبەست
قوباد تاڵەبانی: گرنگە بگەینە ڕێککەوتن و چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغداد
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی کاربەڕێکەرى هەرێمی کوردستان باسی لە کۆمەڵێک پرسی ناوخۆ و هەرێمایەتی کردووە و لە بارەی پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکەوە گوتوێتی، "ئێستا کاتی ئاشتییە" و داوای دیالۆگ و هێورکردنەوەی دۆخەکەی کرد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە گوایە ئەمریکا پلانی هەبووە گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی کورد لە ئێران پڕچەک بکات یان بیانجوڵێنێت.
هیچ کاتێک پلانێک لە لایەن ئەمریکاوە نەبووە بۆ ناردنی گرووپە ئۆپۆزسیۆنە ئێرانییەکان بۆ ناو ئێران.
هەر لە سەرەتای ئەم ململانێیەوە بۆ ئێمە زۆر ڕوون بووە کە بە هیچ شێوەیەک نابینە بەشێک لە ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران.
نیگەرانی ئەوە هەبوو کە ئەو ڕاپۆرتانە ببنەهۆی هێرشی زیاتری ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
ئەوەشمان بە هەردوو لایەنی تاران و واشنتن گەیاندبوو.
سەبارەت بە گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران و تێوەگلانیان لە هێرش بۆ سەر ئێران، قوباد تاڵەبانی دەڵێت "ئێمە زۆر بە ڕوونی بۆ گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانمان ڕوونکردووەتەوە کە نابێت هەرێمی کوردستان وەک هەرەشە و هێرش دژی ئێران بەکاربهێنن و سوپاس بۆ خوداش کە نەیانکرد".
قوباد تاڵەبانی باسی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانی کرد و نەیشاردەوە کە دۆخێکی بنبەستی سیاسی ڕووی لە پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان کردووە لە دوای هەڵبژاردنەکانەوە.
بێهیوابوونى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى
سەبارەت بە دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت "ئەوە جێگەی شەرمەزارییە، دەزانم ڕەنگە زۆرێک لە هاوڕێکانمان لە سەرانسەری جیهان بێ هیوا کردبێت کە پێیان باش بوو زۆر زووتر حکومەتمان هەبوایە".
قوباد تاڵەبانی لە بارەی بەغدادەوە گوتوویەتی "گرنگە لە بەغداد ئامادەگیمان هەبێت، چونکە ئەوێ ناوەندی بڕیارە".
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت "ئێمە زۆر بابەتی پەیوەندیدار و تایبەت بە هەرێمی کوردستانمان هەیە لە بەغداد، هەندێکیان لە چوارچێوەی ناوچەی بەرپرسیارێتیی خۆماندایە کە دەتوانین لە کوردستان مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین، بەڵام کێشە گەورەکان لە بەغدادن، پێویستە لەوێ بین بۆ چارەسەرکردنیان".
