
کۆمپانیایەکى ڕاوێژکاریی تایبەتمەند دیراسە بۆ هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەکات.
هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان 255 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا.
42 نوێنەرى وەزارەتى نەوت سەرپەرشتیی هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەکەن.
داهاتى نەوتى هەرێمى کوردستان دەچێتە خەزێنەى وەزارەتى دارایی عێراق.
وەزارەتى سامانە سروشتییەکان لە ڕوونکردنەوەکەیدا ڕایگەیاندووە، بە گوێرەى بودجەى فیدراڵیى کۆمپانیاى (وود ماکنزى) کە کۆمپانیایەکى ڕاوێژکاریى تایبەتمەندە و گرێبەستى لەگەڵ وەزارەتى نەوتى فیدراڵ هەیە، دیاریکراوە بۆ دیراسەى بڕى نەوتى بەرهەمهێنراو لە کێڵگە نەوتییەکانى هەرێمى کوردستان و تێچووى بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەکە.
بەرهەمى نەوتى هەرێمى کوردستان نزیکەى 255 هەزار بەرمیلى ڕۆژانەیە.
پێشبینیشدەکرێت لە باشترین حاڵەتدا بگاتە 308 هەزار بەرمیل لە ساڵى 2027.
بە مەرجێک کۆمپانیا نەوتییەکان تەواوى شایشتە دارایی و گرێبەستییەکانیان وەربگرن.
دۆخى ئەمنیى پێویست ڕەخساو بێت.
تاوەکو بتوانن بەردەوامبن لە پڕۆسەکانى هەڵکەندن و پەرەپێدانى پێویست بۆ پاراستنى ئاستى بەرهەم و زیادکردن.
خستنەڕووى هەر ژمارەیەکى دیکە و خستنە پاڵى دامەزراوەیەکى نێودەوڵەتیی بەبێ ئەوەى بە فەرمى بڵاوی کردبێتەوە، دەبێتە چەواشەکارى و بەلاڕێدابردنى ڕاى گشتى.
وەزارەتى سامانە سروشتییەکان، بە قاچاغبردنى نەوتى هەرێمى کوردستان ڕەتدەکاتەوە.
42 نوێنەرى وەزارەتى نەوتى فیدراڵ سەرپەرشتیی پرۆسەکانى هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ تورکیا دەکەن.
هەر تۆمەتێکی قاچاغچێتی پێویستی بە بەڵگەی ڕوون و دیاریکراو هەیە.
ڕاستەوخۆ ئەو پرسیارەش دەوروژێنێت لە بارەى میکانیزمەکانی بەڕێوەبردنی پڕۆسەکانى هەناردەکردن و ئەو لایەنە فیدراڵییانەى بەرپرسیارن لێى.
کە بریتین لە کۆمپانیای نەوتی باکوور بە هاوکاریی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی دەوڵەتی عێراق (سۆمۆ).
ئەگەر ئەم تۆمەتانە لەسەر بنەمای بەڵگەی ڕاستەقینە بن، پێویستە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتی ڕوون بکاتەوە.
بەرگری لەو میکانیزمانەی هەناردەکردن بکات کە سەرپەرشتییان دەکات.
وەزارەتى سامانە سروشتییەکان لە ڕوونکردنەوەکەیدا باسى لەوەشکردووە، سەرجەم داهاتى بەدەستهاتوو لە فرۆشى نەوتى هەناردەکراو لە هەرێمى کوردستانەوە لە ڕێگەى سۆمۆ، دەچێتە خەزێنەى وەزارەتى دارایی فیدراڵ، لەسەر ئەو بنەمایەش تۆمەتى بوونى سەرپێچى پەیوەست بەو داهاتانە پێویستە لەسەر بنەماى بەڵگە بێت، سەرەتا دەبێت بەرپرسیارێتى ئاڕاستەى ئەو لایەنانە بکرێت کە سەرپەرشتیی بەڕێوەبردنى ئەو داهاتانە دەکەن، دواتر تۆمەت ئاڕاستەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بکەن لەو بارەیەوە.
ڕاشیگەیاندوە، ئەو کۆمپانیا نەوتییانەى لە هەرێمى کوردستان کاردەکەن، کۆمپانیاى نێودەوڵەتیی ناسراون و تۆمارکراون لە بازاڕەکانى جیهان و ڕیزبەندن لە بۆڕسە نێودەوڵەتییەکان، گرێبەستەکانى ئەو کۆمپانیایانەش لە هەرێمى کوردستان لەلایەن دادگاى باڵاى فیدراڵییەوە بە شەرعى دانراون و کاریان پێدەکرێت، هەندێک لەو کۆمپانیایانەش لەگەڵ وەزارەتى نەوتى فیدراڵ گرێبەستیان هەیە و لە ناوچەکانى دیکەى عێراقیش کاردەکەن.
بانگەشەکردن بۆ ئەوەى کۆمپانیاکان هى خێزانە دەسەڵاتدارەکانن لە هەرێمى کوردستان، تۆمەتێکى مەترسیدار و قبوڵنەکراوە، دەستبردنە بۆ بێگەردیى ئەو کۆمپانیایانە و ناوبانگى نێودەوڵەتییان و ناوزڕاندنى ژینگەى وەبەرهێنانە لە هەرێمى کوردستان و عێراق بەگشتى.
لە بارەى هاوکاریى نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ، ئاماژەى بەوەکردووە، هەردوو حکومەت بە درێژایی ساڵانى ڕابردوو بە جددى کاریان کردووە بۆ چارەسەرکردنى کێشە هەڵپەسێردراوەکان و یەکلاکردنەوەى ناکۆکییەکانى پەیوەست بە دۆسییەى نەوت، لە چوارچێوەى ئەم هاوکارییە، حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕێگەى داوە بە وەزارەتى نەوتى فیدراڵ سەردانى سەرجەم کێڵگە نەوتییەکان بکات بەبێ جیاوازى، هەروەها بوارى داوە بە پسپۆڕانى نێودەوڵەتیی سەربەخۆ ئاگاهییان لەسەر کەرتەکە و بڕەکانى هەناردەکردن هەبێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئاڵا تاڵەبانی، راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ژنان لە دیمانەیەکى میدیاییدا باسى لەوەکرد، پڕۆسەی بە قاچاغبردنی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە بەردەوامە، ئەوەشی خستووەتەڕوو، زەیدی قسەی لەگەڵ توركیا كردووە، بۆ هاوكاریكردن لەم پرسەدا، چونكە لە ڕێی وڵاتانی دراوسێوە نەوت بە قاچاغ دەبرێت.
