
زانیارییەکانى کەناڵ8: ئەمریکا لە میکانیزمى کۆکردنەوەى چەکى گرووپەکان نیگەرانە.
زانیارییەکانى کەناڵ8: ئەمریکا داواى ڕادەستکردنى چەکى گرووپەکانى عێراق دەکات.
پەشیمانبوونەوەى دوو گرووپى چەکدار لە پڕۆژەى کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت و ناڕازیبوونى ئەمریکا لە میکانیزمى جێبەجێکردنى پڕۆژەکە، عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراقى خستووەتە نێوان دوو بەرداش.
ئیدارەى دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا، لە میکانیزمى جێبەجێکردنى پڕۆژەى کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت نیگەرانە و ڕازى نییە و بە عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیران گوتراوە، ئەوان لەگەڵ ڕادەستکردنى چەکى گرووپەکاندان نەک ڕێکخستنەوە و کۆکردنەوەى چەک.
بە تایبەتى کە گرووپەکان داوایان کردووە چەکەکانیان لە کۆگاکانى خۆیان بمێنێتەوە و سەرژمێرى بکرێن، نەک ڕادەستى حکومەت بکرێن.
نیگەرانییەکانى ئەمریکا هاوکاتە لەگەڵ پەشیمانبوونەوەى هەردوو گرووپى چەکداریى کەتیبەکانى حیزبوڵا و گرووپى نوجەبا، بۆ چوونە ناو پڕۆژەى کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت، لەکاتێکدا پێشتر لێکتێگەیشتن کرابوو لە گەڵیان.
ئەو دوو گرووپە چەکدارە، سەرەڕاى داواکردنى گرەنیتکردن و وەرگرتنى پلە و پۆست لە حکومەت و چوونە دەرەوەى سەرجەم هێزە بیانییەکان لەناو خاکى عێراق و ڕەزامەندى لەسەر داواکارییەکانیان لەلایەن حکومەتەوە، بەڵام بەهۆى ئەگەرى دووبارەبوونەوەى جەنگى ئەمریکا دژى ئێران، لە بڕیارەکەیان پەشیمان بوونەوە.
لەگەڵ کۆتاییهاتنى ئەرکى ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتى لە عێراق، فشارەکانى ئیدارەى ترەمپ بۆ سەر عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیران بۆ گرتنەبەرى ڕێکاری کردەیى دژى گرووپە چەکدارەکان و ڕادەستکردنى چەکەکانیان چڕکراوەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەى ڕۆژى پێنجشەممەى ڕابردووى لەگەڵ عەلى زەیدى ئەنجامیدا، هۆشداریی داوە لە بەشدارییکردنى گرووپەکان، ئەگەر هاتوو ئەمریکا هێرشى کردەوە سەر ئێران، هاوکات ستیڤن ڤاگن، کاربەڕێکەرى باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغداد و تۆم باراک نێردەى سەرۆکى ئەمریکا بۆ عێراق، داوایان لە عەلى زەیدى کردووە، لە پرسى کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت، هەنگاوى کردەیی بنێت و تەنیا بە ئیدارەدانى دانوستانەکان نەوەستێت.
هەڵوێستی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر دۆسیەی چەکی گرووپە چەکدارەکان و فەرمانڕەوایی لە عێراقدا، لەسەر بنەمای چەند بنەمایەکی ستراتیجی و ئەمنی جێگیر بووە.
لایەنە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت ئەمریکا، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، بوونی هێزی چەکدار لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت و دامەزراوە فەرمییەکان، کۆسپێکی گەورەیە لەبەردەم سەقامگیریی سیاسی، گەشەپێدانی ئابووریی و سەروەریی یاسا لە عێراقدا، لە دیدی ئەوانەوە؛ دەبێت تەنیا دەوڵەت و هێزە فەرمییەکانی (وەک سوپا و پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان) خاوەنی چەک و بڕیاری جەنگ و ئاشتی بن.
هاوکات هەر ڕێککەوتنێک کە تێیدا چەک لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان لەژێر دەسەڵاتی گرووپەکاندا بمێنێتەوە، لەلایەن واشنتن و هاوپەیمانەکانیەوە بە فەرمی ناناسێنرێت و بە چارەسەری کاتیی یان ساختە دادەنرێت.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
