باخەوانانى سلێمانى سەربارى قورسیی ئەرکەکانیان، ڕێگە نادەن سیماى سەوزى شارەکە بژاکێت.
باخەوانانى سلێمانى ژمارەیان هەرچەندە بەردەوام کەم دەکات، بەڵام خزمەتەکانیان زیادیکردوە.
ئەمە دەنگی ژیانەوەی خاکە، رەنگدانەوەی دەستە رەنگینەکانی باخەوانانی سلێمانییە کە سەرباری قورسیی ئەرکەکانیان، ڕێگە نادەن سیمای سەوزایی شارەکە بژاکێت.
لە پارکی ئازادی، ژمارەی کرێکاران لەسەرەتای کردنەوەی پارکەکەوە تاوەکو ئێستا لە 170 کرێکارەوە بۆ تەنیا 60 کرێکار کەمبووەتەوە.
واتە سێ هێندە کەمترە لە جاران، بەڵام هاوکێشەکە لێرەدا پێچەوانەیە کرێکار کەمتر و ڕووبەری سەوزایی و ئەرکی سەرشانیان زۆرتر.
کەمبوونەوەی باخەوانەکان لە تەواوی باخچەکانی سلێمانی رەنگیداوەتەوە.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان لە ماوەی تەنیا چوار ساڵی ڕابردوودا لە سلێمانی، 321 باخەوان و کرێکار خانەنشین بوون یان کۆچی دواییان کردووە.
تاوەکو ئێستا لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ جێگرەوەیەکیان بۆ دانەنراوە و هێزی کاری نوێ دانەمەزراوە.
ڕووبەری سەوزایی لە شاری سلێمانی گەیشتووەتە 23.6% کە ستانداری جیهانی تێپەڕاندووە، ئەوەش بە هۆی هەبوونی 529 باخچە، 7 پارکی گەورە و 85 بلواری ناوەندی، بەڵام ئەو شوێنانە بەردەوام پێویستییان بە خزمەتگوزاری و نوێکردنەوە هەیە.
