
یارییەکانى گەڕى دوانزەیەمى خولى ئەستێرەکانى عێراق بەردەوامە و شەوى ڕابردووش یانەکانى کوردستان دەرکەوتنیان لەم گەڕەدا هەبوو.
چوار یارییە هەولێر بردنەوە نازانێت
یانەى هەولێر کە بە دەستپێکێکى باش لە خولەکە دەرکەوت، چوار یارییە ڕێگەى سەرکەوتنى ونکردووە و شەوى ڕابردووش لە یاریگەى خۆیدا بەگۆڵێک لەگەڵ گازى شیمال یەکسان بوو.
گۆڵەکەى هەولێر لە یارییەکە لە ڕێگەى لێدانى سزاوە لە ڕێگەى ئیبراهیم بایش تۆمارکرا، گۆڵى یەکسانى نوێنەرەکەى کەرکوکیش لە خولى ئەستێرەکان یوسف شێموخس تۆماریکرد.
دهۆک کوشندانە دۆڕا
لە یارییەکى دیکەى هەمان گەڕ، دهۆک لە دەرەوەى یاریگەى خۆیدا سێ خاڵى لەدەستدا، کاتێک لە یارییەکەیان بەرامبەر گەرمە لە خولەکى زیادکراو لە ڕێگەى مەروان حەمیدى تۆڕەکەیان هەژێندرا.

ئەمڕۆ زاخۆ و نەورۆزە
ئەمڕۆش دوو نوێنەرى دیکەى کوردستان لە خولەکە دەرکەوتنیان دەبێت، زاخۆ لە یارییەکى تا ڕادەیەک ئاسان بەرامبەر نەفتى میسان یارییدەکات، نەورۆزیش لە یاریی لوتکە لە یاریگەى قەفەس بەرامبەر شوڕتە دەوەستێتەوە.