
بەهۆى کەمبوونەوەى غازى ماڵانەوە، وەزارەتى نەوتى عێراق بڕیاریدا دابینکردنى غازى پاڵپشتیکراوى حکومى بۆ هاوڵاتییان بکاتە کۆبۆن و مانگانە هەر خێزانێک دوو بتڵ غازى پێدەدرێت.
رافد سادق، بەڕێوەبەرى دەستەى دابەشکردنى بەرهەمە نەوتییەکانى عێراق ڕایگەیاندووە، هەستاون بە دەرکردنى کۆبۆنێکى نوێ بۆ دابەشکردنى غازى ماڵان، بەجۆرێک هەر خێزانێک مانگانە دوو بتڵ غازى پێدەدرێت.
ناوبراو جەختدەکاتەوە، سیستمى پێدانى غاز پشت دەبەستێت بەو سیستمەى پێشتر بۆ نەوتى سپى ئامادەکراوە، هەموو ئەو هاوڵاتییانە کۆبۆنى غازیان پێدەدرێت کە پێشتر خۆیان تۆمارکردووە و نەوتى سپییان پێدراوە.
سەرۆکى دەستەى دابەشکردنى بەرهەمە نەوتییەکان دەشڵێت" یەک ملیۆن و 600 هەزار خێزان لەو سیستمە تۆمارکراون و بریکارەکانى دابەشکردنى غاز زیاد دەکرێن.
بەهۆى ڕاوەستانى بەرهەمهێنانى نەوت لە کێڵگە نەوتییەکان غازیش کەمبووەتەوە، چونکە عێراق غازى ماڵان لە کێڵگە نەوتییەکان بەرهەم دەهێنێت کە غازى هاوەڵە و لەگەڵ نەوت دەردەهێندرێت.

