
شارەزایانی بواری شوێنەوار، توانیویانە بەڵگەی بەرجەستە، سەبارەت بە یەکێک لە دێرینترین نەریتە کۆنەکانی چیای زاگرۆس لە کوردستان بدۆزنەوە، کە گوزارشت لە بەخشینی دیاریی و ئاهەنگ و دەربڕینی دڵخۆشی دەکات.
لە ناوچەی شوێنەواریی ئەسیاب لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەدیاریکراوییش لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، ژمارەیەک پاشماوەی شوێنەواریی کۆمەڵگە دێرینەکانی ناوچەکە دۆزراونەتەوە، کە گوزارشت لە ئاهەنگ و نەریتی دەربڕینی دڵخۆشیی دەکەن لە قۆناغە سەرەتاییەکانی شارستانییەتدا، بەدیارییکراوییش 11 هەزار ساڵ لەمەوبەر.

شارەزایانی بواری شوێنەوار جەخت لەوە دەکەنەوە، پاشماوەکانی ئەسیاب، گوزارشتن لە ئێسکەپەیکەری 19 بەرازی کێوی، کە لە چاڵێکی تایبەتدا وەکو دیاریی پێشکەشکراون و لە ئاهەنگ و دەربڕینی دڵخۆشییدا بەکارهێنراون.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوە کاربۆنییەکان، دەرکەوتووە، ئەم بەرازانە لە ناوچەیەکی دوورەدەستەوە و بە تایبەتی بەرەو زاگرۆس براون، کە 70 کیلۆمەتر لە شوێنەکەیان دووربوون و ئەمەش پیشانی دەدات، مرۆڤە سەرەتاییەکان، خاوەنی نەریتی تایبەت بە بەخشینی دیاریی بوون و پارچە و ئاژەڵی دەگمەنیان بە ناوچەکاندا گەڕاندووە.

بەڵگەکان مێژووەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ پێش قۆناغی سەرهەڵدانی کشتوکاڵ، ئەمەش بەشێکی نوێ بۆ تێگەیشتن لە شێوازی نەریتە دێرینەکان لە خانەی توێژینەوە شوێنەوارییەکاندا دەکاتەوە، کە تاوەکو ئێستا باوەڕ وابوو، ئاهەنگگێڕان و دەربڕینی دڵخۆشیی و نەریتی کۆبوونەوەی بەکۆمەڵ، لە سەردەمی سەرهەڵدانی کشتوکاڵ و دروستبوونی گوندەکاندا دەرکەوتوون.