
زانیاریی گەیشتووە بە کەناڵ8 کە ئەوە دەخاتە ڕوو سیستەمی بەشەخۆراکی مانگانە لە هەرێمی کوردستان و عێراق قۆناغی سەرەکیی بەدیجیتاڵیکردنی بڕیوە و ڕێژەی تۆمارکردن گەیشتووەتە 95%ـی هاونیشتمانیانی هەرێم. ئەم پڕۆسەیە کە نزیکەی 40 ملیۆن کەسی لە تەواوی عێراقدا لەخۆگرتووە، مامەڵە کاغەزییەکان دەگۆڕێت بۆ خزمەتگوزاریی ئەلیکترۆنی لە ڕێگەی مۆبایلەوە، ئەمەش ئاسانکاری لە چۆنیەتیی بەڕێوەبردن و گواستنەوەی بەشەخۆراک دروست دەکات.
وەزارەتی بازرگانیی عێراق خزمەتگوزارییەکانی ئەم سیستەمە نوێیەی خستووەتەڕوو؛ ئەو هاووڵاتیانەی فۆڕمی ئەلیکترۆنیی بەشەخۆراکیان هەیە، دەتوانن لە ڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە بەشێوەی ڕاستەوخۆ مامەڵەکانیان جێبەجێ بکەن، لەوانە: گواستنەوەی بەشەخۆراک، دابەشکردنی بەشەخۆراکی خێزان، گۆڕینی بریکاری خۆراک، و زیادکردنی ئەندامی نوێ بۆ سەر فۆڕمەکە، بەو مەرجەی بەکارهێنەران بۆ جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانە خاوەنی کارتی نیشتمانی بن.
سیستەمی فۆڕمی خۆراکی کاغەزی لە عێراق لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانەوە کاری پێدەکرا، کە کێشەی زۆری هەبوو لە بوونی ناوی دووبارە و کەسانی کۆچکردوو کە بەشەخۆراکیان بەناوەوە وەردەگیرا. گۆڕینی ئەم سیستەمە بۆ فۆڕمی ئەلیکترۆنی و بەستنەوەی بە کارتی نیشتمانییەوە وەک هەنگاوێکی کارگێڕیی گرنگ بۆ کەمکردنەوەی دەستکاریکردن و لابردنی ناوی وەهمی دادەنرێت.
وەزارەتی بازرگانی لە ڕێگەی ئەم پرۆژە نوێیەوە هەوڵ دەدات چاودێریی پڕۆسەی دابەشکردنی خۆراک و کارەکانی بریکارەکان بکات، بە جۆرێک بەشەخۆراکی هاووڵاتیان بە کەمترین ڕۆتینی ئیداری دابەش بکرێت و بەفیڕۆچوونی سامانی گشتی لە کەرتی خۆراکدا سنووردار بکرێت.
