
کاردانەوەکانى هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتیى پەرلەمان و بڕیارى کشانەوەى یەکێتى لە حکومەت بەردەوامن.
د. عەلى قەرەداغى هۆشداریى لەبارەى دۆخى ناوچەکە و مەترسییەکانى لەسەر هەرێمى کوردستان دەدات.
ناوبراو داواى کۆبوونەوە دەکات بۆ چارەسەرى کێشەکان.
د. عەلى قەرەداغى سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان، لە نامەکەدا بۆ هەریەک لە بافڵ جەلال تاڵەبانى و مەسعود بارزانى کە یەک ناوەڕۆکى هەیە دەڵێت "ئەمڕۆ ناوچەکە و جیهان لە بەردەم هەرەشەیەکی جددی شەڕ و ئاژاوەدایە بەجۆرێک کوردستانی ئازیزیشمان لێی بەدوور نییە". بەبۆچوونى ئەو یەکڕیزی و تەبایی لە هەموو کات زیاتر پێویستە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمى کوردستان.
گەلی کوردستان لە درێژایی مێژووی خەبات و ماندووبوونی، قوربانی چەندین کارەسات و ناسۆری گەورە بووە.
لە دڕندەیی شاڵاوەکانی بەناو ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجەی شەهیدەوە، تاوەکو دەگاتە کاولکاری گوندەکان و زەوتکردنی مافە سەرەتاییەکانی.
ئەم ئەزموونە حوکمرانی و سیاسییەی ئەمڕۆمان، دیارییەک نییە بەڵکو بەرهەمی پڕ لە خوێنی هەزاران شەهید و تێکۆشانی دەیان ساڵەی شۆڕشە مەزنەکانی ئەم گەلە ستەملێکراوەیە.
زۆر نادادپەروەرییە ئەگەر ململانێ و جیاوازییە سیاسییەکان ببنە هۆی لاوازکردن یان لەناوبردنی ئەم دەستکەوتە مێژووییە و خستنەمەترسی ئایندەی نەتەوەکەمان.
د. عەلى قەرەداغى لە نامەکەدا داوا لە هەریەک لە بافڵ جەلال تاڵەبانى و مەسعود بارزانى دەکات “لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی نیشتمانی و ئاینییەوە، جیاوازییەکان بەلاوە بنێن و لەسەر مێزی گفتوگۆ بە گیانی لێکتێگەیشتن کێشەکان چارەسەر بکەن، بۆ ئەوەی بڕیارەکان لە خزمەتی گەلەکەماندا بن کە لە دۆخێکی ئابووریی قورس و دژواردا ژیان بەسەر دەبات”.


نامەکەى د. عەلى قەرەداغى دواى ئەوە دێت، چوارى تشرینى دووەم پارتى و چەند پەرلەمانتارێک و سێ پەرلەمانتارى پێکهاتەکان، بەبێ ڕێککەوتنى سیاسی، کۆبوونەوەى پەرلەمانى کوردستانی کرد و دەستەى سەرۆکایەتی هەڵبژارد، ڕۆژێک دواتر بافڵ جەلال تاڵەبانى، بڕیارى کشانەوەى یەکێتى لە حکومەت دا.
کاردانەوەی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە میدیا جیهانییەکان
کەناڵ8 ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى تیمى یەکێتى لە حکومەت ئاشکرا دەکات