
پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سەرانسەری میدیا جیهانییەکان دەنگدانەوەی لێکەوتەوە .
میدیاکان بەشێوازی جیاواز باس لە پەیامە توندەکەی سەرۆکی یەکێتی دەکەن.
ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی، پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بڵاوکردووەتەوە، لەژێر ناونیشانی" ڕێککەوتنی دەسەڵاتی هاوبەشی کوردی داڕووخا، لەکاتێکدا یەکێک لە دوو پارتە ڕکابەرەکە لە حکومەتی باکووری عێراق کشایەوە".
واشنتن پۆست ڕووداوەکانی ئەم دواییەی بە قەیرانێکی سیاسی ناوبردووە، کە لە کاتێکی هەستیاردا لە ناوچەکەدا ڕوودەدات، بەتایبەت دوای کشانەوەی دوا هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و لەنێو نیگەرانییەکانی سەرهەڵدانەوەی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، کە لەوانەیە جارێکی دیکە پریشکی بەر عێراق بکەوێت.
ئەلمۆنیتەر لە ژێر ناونیشانی "کشانەوەی سەرۆکی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم کاریگەریی لەسەر کورد لە ئاستی جیهان دروست دەکات" باسی لە پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی کردووە.
هەروەها ڤیکتۆریا تایلەر، جێگری پێشووی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق، قسەی بۆ ئەلمۆنیتەر کردووە و ڕاگەیاندووە، ئەگەر ئەم دۆخە بە چارەسەرنەکراوی بمێنێتەوە، دەبینین سلێمانی و هەولێر وەکو دوو حکومەتی تاڕادەیەکی زۆر جیاواز، کار دەکەن.
تایلەر ئیدارەی ترەمپی بە هۆکاری ئەم بنبەستەی ئێستا زانی و گوتوویەتى: "شکستی پێکهێنانی حکومەت، دەرئەنجامی بەشداریکردنی کەمتری حکومەتی ئەمریکایە، کە زۆرجار ڕۆڵێکی سەرەکیی گێڕاوە لە نێوەندگیری نێوان دوو لایەنەکەدا."
تایلەر ئاماژەی بەوەش کردووە:"شکستی دۆخی کوردستان ئەو بلۆکە لاواز دەکات کە نەک تەنیا بەرگریکارێکی گرنگی بەرژەوەندییەکانی خۆی بووە، بەڵکو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای لە بەغدادیش پاراستووە".
ئەلمۆنیتەر نووسیویەتی، بەگوێرەى ماددەی 119ـی دەستووری عێراق، جیاکردنەوەی پارێزگایەک دەکرێت لە ڕێگەی ڕیفراندۆمەوە جێبەجێ بکرێت، کە ئەوەش یان بە داواکاریی سێیەکی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا یان بە واژۆى دە یەکی دەنگدەرانی سلێمانی ڕێکدەخرێت.
ئەلمۆنیتەر باسی لەوەشکردووە، هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی قەوارەی هەرێمی کوردستان، کاریگەریی قووڵی دەبێت لەسەر پێگە و داهاتووی کورد لە ناوچەکەدا.
ئەم میدیایەش نووسیویەتى، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکشێتەوە و داوای هەرێمێکی سەربەخۆی سلێمانی دەکات
زە ناشناڵ کۆنتێکست لەپاڵ ئەوەی نەخشەیەکی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردووەتەوە کە دابەش بووە بەسەر زۆنی سەوز و زەرددا، باسی لە بەربەستەکانی بەردەم دوو ئیدارەیی کردووە و نووسیویەتی، بەگوێرەى یاسا ئەم هەنگاوە لەگەڵ چەند بەربەستێکی دەستووریدا ڕووبەڕوو دەبێتەوە، کە گرنگترینیان ئەوەیە، دەستووری عێراق (ماددەی 117) هەرێمی کوردستانی وەکو قەوارەیەکی فیدراڵیی ناساندووە، بەڵام ڕێکاری ڕوونی دانەناوە بۆ جیاکردنەوەی پارێزگایەک لە هەرێمێک، بەم پێیە بێت بەڕێوەچوونی ڕێکارەکان، پێویستی بە ڕوونکردنەوەی دادگای فیدراڵی یان هەموارکردنەوەی یاسای دەبێت.
زە ناشناڵ کۆنتێکست باسی لەوەشکردووە، ڕێکارەکان دەکرێت لە هەفتەکانی داهاتووەوە دەستپێبکەن، بەڵام ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و چارەسەرکردنی لایەنە دەستوورییەکان کاتێکی زیاتری پێویست دەبێت.
هەروەها نووسیویەتی لە ڕووی سیاسییەوە، بەدیهێنانی ئەم بڕیارە ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی جدی لە پڕۆسەی دانوستانەکان و دەکرێت ببێتە هۆی گۆڕینی نەخشەی سیاسی لە ناوچەکەدا.
دامەزراوەى میدیایی ئەلعەرەبیە بە مانشێتى گەورە نووسیویەتى: تاڵەبانی ئاماژە بە هەرێمێک بۆ سلێمانی دەکات و ناکۆکییەکان لەگەڵ هەولێر فراوانتر دەبن.
ئەلعەرەبیە لە درێژەى بابەتەکەدا نووسیویەتی، پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، ڕەنگدانەوەی ڕژدبوونی یەکێتیی نیشتمانییە لەسەر ئەوەی کە دەستپێکردنەوەی کارەکانی دامەزراوەکانی یاسادانان و جێبەجێکارییەکان دەبێت بەند بێت بە کۆدەنگیی نێوان پارتە سیاسییەکان، هەروەها پەیامەکە ڕەتکردنەوەی سەپاندنی ڕێکخستنی نوێیە لە ڕێگەی زۆرینەیەکی پەرلەمانییەوە، کە هەموو هێزە سیاسییە هەڵبژێردراوەکان لەخۆناگرێت.