
کەناڵ8- سلێمانی
بەشێکی بەرچاوی ئەو خانمانەی منداڵ لە سکیاندا دەمرێت، پێیان دەگوترێت کە هۆکارەکە دەردەپشیلە هۆکارەکەیە، بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم نەخۆشییە، هۆکارەکانی، چارەسەر و خۆپارێزییەکانی، ئەم دیمانەیەمان سازداوە لەگەڵ د.کاردۆست ڕەسووڵ، پزیشکی ڤێترنەری.
نەخۆشیی دەردەپشیلە نەخۆشییەکی مرۆژەڵییە، واتە لە ئاژەڵانەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بەهۆی جۆرێکی مشەخۆرەوە دەگوازرێتەوە بەناوی (تۆکسۆپلازما گۆندی)، یەکەمجار ئەم نەخۆشییە لە ساڵی 1908 لە باشوری ئەمریکا لە پشیلەدا دۆزراوەتەوە. لە نەخۆشیی دەردەپشیلەدا پشیلە ئاژەڵی گوێزەرەوەیە و زیاتر دەبێتەهۆی بڵاوبوونەوەی مشەخۆری تۆکسۆپلازما، واتە مشەخۆری تۆکسۆپلازما لەناو ڕیخۆڵەی پشیلەدا هێلکەکانی دادەنێت، مشەخۆری تۆکسۆپلازما لە ناو ناوکی خانەکانی ڕیخۆڵەی پشیلەکەدا پرۆسەی زۆربوون و دابەشبوون ئەنجام دەدات، نەخۆشیی دەردەپشیلە چەندین کاریگەریی نەرێنی لەسەر جەستەی ئاژەڵ یان مرۆڤی تووشبوو دروست دەکات.
لە دوای ئەوەی پشیلە گۆشتێکی تووشبوو بە مشەخۆری تۆکسۆپلازما دەخوات لە ماوەی یەک بۆ سێ هەفتەدا پشیلەکە تووشدەبێت و دواتر هێلکەکانی مشەخۆرەکە لەڕێگەی پاشەڕۆی پشیلەکەوە بەناو ژینگەدا بڵاودەبێتەوە.
1.خواردنی گۆشتێکی تووشبوو یان نەکوڵاو بە مشەخۆری تۆکسۆپلازما، وەک گۆشتی مەڕ، بەرخ و بەراز
2.خواردنی هێلکەی مشەخۆری تۆکسۆپلازما لە ڕێگەی ئاوی پیس و سەوزەی خاوێننەکراو
3.بەرکەوتن لەگەڵ پاشەڕۆی پشیلە
4.بەرکەوتن لەگەڵ خاکدا ئەگەر خاکەکە پیسبووبێت بە پاشەڕۆ پشیلەی تووشبوو
5.لە ڕێگەی وێڵاشی دایکەکەوە بۆ کۆرپەکەی
6.لە ڕێگەی شیری مەڕ و بزن ئەگەر بەباشی نەکوڵێنرا بێت یان پشکنینی بۆ نەکرابێت
مشەخۆری تۆکسۆپلازما لە ڕێگەی وێڵاشی دایکەکەوە بۆ کۆرپەکەی دەگوازرێتەوە و دەبێتەهۆی گیانلەدەستدانی کۆرپە لە بەشێک لە خانمانی دووگیاندا، بەڵام مەرج نییە لە هەموو دایکێکی تووشبوودا ببێتەهۆی گیانلەدەستدانی کۆرپەکە، ئەگەر دایکەکە لە قۆناغەکانی سەرەتای دووگیانیدا بێت ئەگەر هەیە دایکەکە و منداڵەکە هەردووکیان بە سەلامەتی ڕزگاریان بێت لە مەترسییەکانی نەخۆشیی دەردەپشیلە.
ئەگەر دایکەکە لە قۆناغەکانی ناوەڕاست و کۆتایی دووگیانیدا بێت مەترسیی بۆسەر منداڵەکە دروست دەکات و ئەگەر لە داهاتوودا منداڵەکە چارەسەر وەرنەگرێت، دەکرێت نەخۆشیی دەردەپشیلە ببێتەهۆی کەڕبوون، کوێربوونی منداڵەکە یان دروستبوونی کێشەی تێگەیشتن، فێربوون و کەم ئەقڵی.
ئەو کەسانەی بەرگرییان لاوازە یان کێشەیەکیان هەیە لە سیستمی بەرگریاندا بەهەر هۆکارێک بێت، وەک ڤایرۆسی جگەر، نەخۆشیی ئایدز، لەوانەیە نیشانەکان بگۆڕێن و ببێتەهۆی دروستبوونی کاریگەریی نەرێنیی مەترسیدارتر، وەک هەوکردنی مێشک، کۆبوونەوەی ئاو لە بەشی پشتەوەی مێشک، سڕبوونی دەست و قاچ، سەرئێشەی تووند، بێ ئاگابوون و لە هۆشخۆچوونی لەناکاو، لەهەندێک کەسدا ئەگەر نەخۆشیی دەردەپشیلە چارەسەر نەکرێت دەبێتەهۆی دروستبوونی مەترسیی گەورە بۆسەر ژیانی چارەخوازەکە و لەوانەیە ببێتەهۆی گیانلەدەستدان ئەگەر حاڵەتەکە زۆر پێشکەووتوو بێت.
گونجاوترین و سەرەکیترین ڕێگا بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشیی دەردەپشیلە ئەنجامدانی پشکنینی پی سی ئاڕ-ە.
هەر منداڵێک کە تووشبووبێت بە مشەخۆری تۆکسۆپلازما دەکرێت هەر یەکێک لەم نیشانانەی خوارەوەی هەبێت:
