کۆمەڵەى هەنگەوانان فێستیڤاڵى هەنگوین ساز دەکات.
30 هەنگەوانى کوردستان بەشدارن لە فێستیڤاڵەکە.
ماوەى چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
سروشتی دەوڵەمەند و چیا سەرکەشەکانی کوردستان، جارێکی دیکە بەرەکەتی خۆیان دەڕێژنە ناو دڵى شاری سلێمانی و لە باوەشی پارکی ئازادیدا، نۆیەمین فێستیڤاڵی ساڵانەی هەنگوین و بەرهەمەکانی لە لایەن کۆمەڵەی هەنگەوانانەوە دەستیپێکرد.
چالاکییەکە تەنیا نمایشی بازرگانی نییە.
بەڵکو دەرفەتێکە بۆ بەگرنگ تەماشاکردنی ڕەنجی دەستی هەنگەوانان.
تیایدا 30 هەنگەوانی لێهاتوو لە ناوچە جیاوازەکانەوە کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی باشترینی بەرهەمەکانیان پێشکەش بکەن.
ئەمساڵ کەرتی هەنگەوانی لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە 10 ساڵی رابردوو زۆرترین بەرهەمی هەبووە چونکە ئێستا زیاتر لە 700 هەزار پورەی هەنگ لە کوردستاندا هەن.
ئەمەش وایکردووە کێڵگەکان بەبڕشتتربن.
بەوهۆیەوە وەزارەتی کشتوکاڵ پێشبینی دەکات قەبارەی بەرهەمهێنانی هەنگوین بۆ ئەمساڵ بگاتە زیاتر لە دوو هەزار تۆن.
فێستیڤاڵەکە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ درێژەی دەبێت و ڕۆژانە لە کاتژمێر 08:30ـی بەیانی تاوەکو 10ـى شەو دەرگاکانی بەڕووی هاونیشتمانییان و سەردانکەرانى فێستیڤاڵەکە واڵان تاوەکو لە نزیکەوە شاهیدی کوالیتی و تامی شیرینی کێوەکانی کوردستان بن.