وەزارەتى ناوخۆ: 94 تۆمەتبارى بەقاچاخبردنى بەرهەمە نەوتییەکان دەستگیرکران

پووختەى هەواڵەکە

  • وەزارەتى ناوخۆ: دەست بەسەر 89 تانکەرى نەوتدا گیرا.

  • وەزارەتى ناوخۆ: دەست بەسەر زیاتر لە دوو ملیۆن لیتر نەوتدا گیرا.


میقداد میرى، گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق ڕاگەیەنراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی وزە و پێکهاتەکانی سەر بەو بەڕێوەبەرایەتییە لە ماوەی نێوان یەکی تشرینی یەکەم تاوەکو یەکی تشرینی دووەمی 2026، توانیویانە94 تۆمەتباری بە قاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەستگیر بکەن.


هەر لەو وادەیەدا دەست بەسەر 89 تانکەر و ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆردا گیراوە کە ئامادەکرابوون بۆ قاچاخچییەتی لە سەرجەم پارێزگاکان، جگە لە هەرێمی کوردستان.

گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، هەشت حەشارگەی قاچاخچییەکان لە پارێزگاکانی کەربەلا، سەڵاحەدین، زیقار، دەستیان بەسەردا گیراوە، سەرەڕای دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە دوو ملیۆن لیتر نەوتی قاچاخ.

Loading related news...