
ئاژانسەکانی بەڕێوەبردنی کارەسات لە ئەفغانستان و پاکستان، ڕایانگەیاند، بەهۆی بارانی بەخوڕ، لافاو و بەفر کە زیاتر لە دوو هەفتەیە ئەو دوو وڵاتەی گرتووەتەوە، 188 کەس گیانیان لە دەستداوە.
محەممەد یوسف حەماد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کارەساتەکان، ڕایگەیاندووە، له 26ـی ئازارەوە تاوەکو ئێستا 123 کەس بەهۆی باران، لافاو، زەوی ڕۆچوون و هەورەبروسکە گیانیان لە دەستداوە.
تەنیا لە نێوان ڕۆژانی یەکشەممە و سێشەممەدا، 46 کەس لە سەرانسەری وڵاتدا گیانیان لە دەستداوە، لە نێویاندا منداڵێکی تازە لەدایکبوو لە پارێزگای غەزنی هەیە، کە دایک و باوکی تازە لە نەخۆشخانەی منداڵبوون وەریانگرتبووەوە.
لە پارێزگای خەیبەر پەختونخوا لە باکووری پاکستان، ئاژانسی بەڕێوەبردنی باری لەناکاو ڕۆژی سێشەممە بە ئاژانسی فەڕەنسی ڕاگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان لە 25ـی ئازارەوە بۆ 47 کەس بەرزبووەتەوە، کە 27یان منداڵن.
دوایین ئاماری دەسەڵاتدارانی بەڕێوەبردنی کارەساتە ناوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن لانیکەم 65 کەس لە پاکستان گیانیان لە دەستداوە، ئەمەش دوای هەژمارکردنی 18 کەسی دیکە کە لە 20ـی ئازارەوە لە پارێزگای بەلوچستان لە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە گیانیان لە دەستداوە.
هاوکات، نالەبارى دۆخى کەشوهەوا، بووەتە هۆی زیانی ماددی و داخستنی بەشێک لە ڕێگا سەرەکییەکان، لە هەردوو وڵاتەکە.



.jpg)

.jpg)