
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیارەکانی سێ ساڵی ڕابردووی، هاوکات داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و سنووردارکردنی پۆستەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد لە کابینەی نوێدا.
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، لە دادگای فیدراڵی سکاڵامان لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکرد و دەبێت بڕیارەکانی سێ ساڵی ڕابردووی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێنرێنەوە.
سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و نرخەکانی خزمەتگوزارییەوە گوتی، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستانداین و دەبێت بڕیارەکانی گرانکردنی کارەبا و خزمەتگوزارییەکان هەڵبوەشێنرێنەوە.
شاسوار عەبدولواحید لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەیدا لەبارەی بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە باسی ئەوەی کرد، لە 10ـی تەممووزی 2023ـەوە ئەم حکومەتە هەر بڕیارێکی دابێت دەبێت هەڵبوەشێتەوە و ئەم حکومەتە لە 2023ـەوە وادەی یاسایی بەسەرچووە.
سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لەبارەی بردنی پۆستەکانی حکومەت لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ڕاشیگەیاند، "پارتی بۆی نییە هەموو پۆستەکان بۆ خۆی ببات و ئەو سەردەمە گوزەشت کە پارتی هەموو پۆستەکان بۆ خۆی ببات و پارتی دەبێت نیوە یان نیوە کەمتری پۆستەکانی هەبێت و پارتی دەبێت سەرۆکی هەرێمی کوردستان یان سەرۆکوەزیرانی هەبێت".




.jpg)