دادگای فیدراڵی دادبینی بۆ سێ داوای تایبەت بە هەرێمی کوردستان دەکات

ئارام یوسف42 خولەک پێش ئێستا
باڵەخانەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق. فۆتۆ: AP
باڵەخانەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق. فۆتۆ: AP

پووختەى هەواڵەکە:

  • داواکاران داوای هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمان دەکەن.

  • داواکارییەکى دیکە ئەوەیە حکومەت بۆ کاربەڕێکەر بگۆڕدرێت.

  • داواى هەڵوەشاندنەوەى بەشێک لە بڕیارەکانیش لەناو سکاڵایەکیاندا هەیە.


دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، دووشەممەی داهاتوو، بۆ دادبینی لەسەر سێ داوای تایبەت بە حکومەت و پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێک دەکات.


داوای یەکەم:

  • لەلایەن ئەکبەر غەریب، ئەندامی پەرلەمانی کوردستانەوە لە دژی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە.

  • داوا دەکات بڕیار بدرێت بە کۆتاییهاتنی وادەی یاسایی حکومەت هەرێمی کوردستان و گۆڕینی بۆ حکومەتی کاربەڕێکەر.

  • ئەو پەرلەمانتارە داوا دەکات، حکومەت تەنیا توانای ڕاییکردنی کاروباری ڕۆژانەی هەبێت.

  • دەسەڵاتی نەبێت بڕیاری ستراتیجی درێژمەودا بدات، بەتایبەت لە بوارەکانی نەوت، غاز، کارەبا، سامانە سروشتییەکان و پابەندییە دارایی و ئابوورییەکان.

داوای دووەم:

  • لەلایەن ڕێبوار ئەوڕەحمان، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە عێراق، عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، نەوزاد لەتیف ڕۆستەم و یوسف حەمید سەعید لە دژی مەسرور بارزانی، سەرۆکی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە.

  • لە ناوەڕۆکدا جەخت لە هەمان داواکاریی داوای یەکەم دەکاتەوە.

  • داواى هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو بڕیارانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، کە لە دوای تەواوبوونی تەمەنی یاساییەوە دەریکردوون.

  • بە تایبەتی بڕیاری زیادکردنی نرخی کارەبا، سەپاندنی باج و ڕسوماتی نوێ و ئەنجامدانی گرێبەست یان هەموارکردنەوەی گرێبەستەکانی نەوت و کارەبا و هەر بڕیارێکی دیکەی ستراتیجی.

داوای سێیەم:

  • لەلایەن عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێستەوە تۆمارکراوە لە دژی سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان.

  • داوای دەرکردنی بڕیاری نادەستووریبوونی بەردەوامیی خولی شەشەمی پەرلەمان دەکات، بەهۆی پەککەوتنی دانیشتنەکان بۆ ماوەی نزیکەی 2 ساڵ.

دانیشتنەکەی دادگای باڵای فیدراڵی لە کاتێکدایە کە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی نەگەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێ ڕووبەڕووی ڕەخنەی یاسایی بوونەتەوە، بەوپێیەی لە ئەگەری پەسەندکردنی ئەم داوایانە لەلایەن دادگاوە، دەسەڵاتەکانی حکومەت لە بڕیاردانی دارایی دوورمەودا پەکدەخرێن و پەرلەمانیش لە بەردەم هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی دەسەڵاتەکانیدا دەمێنێتەوە.

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

دادگاى فیدراڵى لەسەر دوو سکاڵا لە بارەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم کۆدەبێتەوە

دادگاى فیدراڵى دادبینى بۆ سکاڵاى "گرانى" نرخى کارەبا دەکات

شاسوار عەبدولواحید: لە دادگاى فیدراڵى سکاڵامان لەسەر حکومەتى هەرێمى کوردستان تۆمارکرد

ئارام یوسف

Sat Oct 24 2026

Loading related news...