
سەرۆکی ئەمریکا پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا دەکات و بەڵێنی پشتیوانیی تەواوی واشنتنی بۆ سەرخستنی مۆدێلە ئابوورییە نوێیەکەی لەندەن پێدەدات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە ڕێگەی پەیامێکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیاڵ" هیوای سەرکەوتنی بۆ ئاندی بێرنەم، سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا خواست. ترەمپ ئاشکرای کرد کە لە یەکەم کاتژمێری گەیشتنی بێرنەم بۆ داونینگ ستریت، پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە و بیروڕایان گۆڕیوەتەوە. سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسانەی جێی بایەخی هەردوولان.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا ڕایگەیاند، ئاندی بێرنەم لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا جەختی لە پابەندبوونی وڵاتەکەی بە بەرگری و ئاسایش بۆ ترەمپ کردووەتەوە. بێرنەم پشتیوانی خۆی بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز دەربڕیوە، کە بەهۆی جەنگەوە داخرابوو و ببووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر پەیوەندییەکانی ترەمپ لەگەڵ کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی پێشوو، بەهۆی پرسی بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکان بۆ لێدانی ئێران تووشی ئاڵۆزی ببوو.
ئاندی بێرنەم کە بووەتە 7ـەمین سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا، بەڵێنیداوە مۆدێلێکی ئابووریی نوێ پێشکەش بکات بۆ بووژاندنەوەی وڵاتەکەی. سیاسەتی ئابووریی ئەو تیشک دەخاتە سەر پاراستنی ناسنامەی بەریتانیا و پشتگیریکردنی کارگە ناوخۆییەکان. بێرنەم پلانی هەیە باج لەسەر بزنسە بچووکەکان کەم بکاتەوە و لە بەرامبەردا باجی زیاتر بخاتە سەر کۆمپانیا گەورەکان بۆ ئەوەی ژیان بۆ بازاڕەکان بگەڕێتەوە.
سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا دەیەوێت بە ئاڕاستەیەکی جیاواز لە حکومەتەکەی ستارمەر کار بکات، کە ترەمپ پێشتر ڕەخنەی لێدەگرت لە پرسەکانی کۆچبەران و تەکنەلۆجیا. هەرچەندە بێرنەم خەونی گەڕانەوەی بۆ ناو یەکێتیی ئەوروپا هەیە، بەڵام لە ئێستادا تەرکیزی خستووەتە سەر دروستکردنی پەیوەندیی بازرگانیی باشتر لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەی یەکێتییەکە، بەتایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.



.jpg)

.jpg)