پاشماوەى نەوت و سووتەمەنی لە ڕووکاری ڕووبارى دیجلە دەرکەوتووە.
هەزاران کەس لە دانیشتووانى پارێزگاى نەینەوا بێ ئاو بوون.
فەرمانگەى ئاوى نەینەوا بەهۆى دەرکەوتنى پاشماوەى نەوت و سووتەمەنى لە بەشی سەرەوەی ئاوی ڕووبارى دیجلە سەرجەم پڕۆژەکانى ئاوى پارێزگاکەى ڕاگرتووە ئەوەش وەک ڕێکارێکى خۆپارێزى.
لە بوونى پاشماوەى نەوت و سووتەمەنى لە نزیک پڕۆژەى ئاوى موسڵ و درێژبوونەوەى بۆ سەرچاوەى دابینکردنى ئاوى تەلەعفەر لەگەڵ سەرچاوەى ئاوى بادوش و ناوچەکانى دەورووبەرى ئاگادارکراینەوە.
دەستبەجێ پەیوەندى کرا بە بەرپرسانى پڕۆژەکان و کەرتەکانى ڕۆژئاواى نەینەوا و بوونى پاشماوەى نەوت لە ناو ڕووبارى دیجلە پشتڕاست کرایەوە.
لەسەر ئەو بنەمایە سەرجەم پرۆژەکانى ئاومان لە ناوەندى شارى موسڵ گرتەوە وەک گرتنەبەرى ڕێکارێکى خۆپارێزى.
بێگومان ئەو پیسبوونە ئەگەر بگوازرایەتەوە بۆ سەرچاوەکانى پڕۆژەى دابەشکردنى ئاو نەدەتوانرا چارەسەر بکرێت و کاریگەریى نەرێنى دەبوو لەسەر ڕەنگ و تام و بۆنى ئاوى خواردنەوەى هاوڵاتییان.
ئاوەکەش بۆ خواردنەوە نە دەگونجا و تام و بۆنى ئاوەکە تام و بۆنى نەوتى دەگرت.
شارەزایانى بوارى ژینگە بە نیگەرانییەکى قوڵەوە لەم پێشهاتە دەڕوانن و داوا دەکەن لێکۆڵینەوە لە پیسبوونى ئاوى ڕووبارى دیجلە بکرێت و تاوانباران دەستنیشان بکرێن و سزا بدرێن، بەتایبەت کە ئەمە چەند جارێکە ئەم کارە دووبارە دەبێتەوە.
ئەمڕۆ_شەممە_ گەیشتین بە ڕاگرتنى پڕۆژەکانى ئاو لە پارێزگاى نەینەوا بەهۆى پیسبوونى ئاوى ڕووبارى دیجلە بە پاشماوەى نەوت و سوتەمەنى.
ئەو ڕووبارە سەرچاوەى ژیانە بۆ هاوڵاتییانى پارێزگاکانى عێراق.
بوونى پاشماوەى نەوت و سووتەمەنى لەناو ڕووبارى دیجلە کارەساتێکى ژینگەییە.
پیسبوونەکە هێندە گەورە بووە کە بووە هۆى ڕاگرتنى سەرجەم پڕۆژەکانى ئاو لە پارێزگاى نەینەوا.
بەرپرسانى فەرمانگەى ئاوى نەینەوا لەو بڕوایەدان هۆکارى پیسبوونى ئاوى ڕووبارى دیجلە و دەرکەوتنى پاشماوەى نەوت و سووتەمەنى لە ڕووکاریى ڕووبارەکە بۆ لێچوونى نەوت لە یەکێک لە بۆرییەکانى گواستنەوەى نەوت لە نزیک کێڵگەى عەین زالە لە شارەدێى زومارى سەر بە شارۆچکەى تەلەعفەر لە ڕۆژئاواى نەینەوا دەگەڕێتەوە، داوا لە وەزارەتى نەوت دەکەن بەزوویى ئەو لێچوونە چارەسەر بکات.
