
پرۆژەیاساکە چەند مافێکى بۆ فەرمانبەران تێدایە.
مۆڵەت بە مووچە و بەبێ مووچە لەناو پرۆژەکەدایە.
دواى بڵاوکردنەوەى لە ڕۆژنامەى وەقائیعی عێراق جێبەجێ دەکرێت.
ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە پرۆژەیاسای (پێدانی مۆڵەتی درێژخایەنى بە فەرمانبەران) پەسەند کرد.
فەرمانبەر ناچار نییە تەنیا لەسەر مووچەکەى بژى.
هەیانە دوکان، یاخود کارگەى هەیە، هەشە دەیەوێت دەرفەتێکى دیکەى کارى دەستبکەوێت.
ئەمەش لە یاساکەدا ڕێکخراوە و بۆى نییە لەو کۆمپانیایانەى کەرتى تایبەت کاربکات کە لەگەڵ حکومەت کار دەکەن.
یاساکە 15 ماددەیە و وردەکارى لەوبارەوەیە تێدایە و بۆ خانەنشینى پارەى مانگانەى لێدەبڕێت.
بۆچوونم وایە یاساکە لەبەرژەوەندى فەرمانبەراندایە.
مۆڵەت بە مووچەی بنەڕەتی: وەزیر، پارێزگار، یان سەرۆکی دامەزراوەکان دەسەڵاتیان دەبێت مۆڵەتێکی (5) پێنج ساڵی بدەنە فەرمانبەرانی هەمیشەیى.
فەرمانبەران نابێت خزمەتی لە دوو ساڵ کەمتر بێت.
لەم ماوەیەدا مووچەی بنەڕەتی وەردەگرێت.
فەرمانبەر دەتوانێت بۆ یەک جار مۆڵەتەکەی نوێ بکاتەوە، بەڵام بۆ جاری دووەم بە نیوەی مووچەی بنەڕەتی دەبێت.
پرۆژەکە ڕێگەش دەدات بە پێدانی مۆڵەتی بێ مووچە بۆ ماوەی ساڵێک کە شایستەی نوێکردنەوە بێت بۆ چەند جارێک.
فەرمانبەرانی مۆڵەتپێدراو مافی کارکردنیان لە کەرتی تایبەتدا دەبێت، بەڵام کارکردن لەو کۆمپانیا و لایەنانەی کە بەرژەوەندی یان گرێبەستی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ فەرمانگەی ڕەسەنی فەرمانبەرەکەدا هەیە، قەدەغەیە.
ماوەی مۆڵەتەکە وەک خزمەتی خانەنشینی ئەژمار دەکرێت، بە مەرجێک فەرمانبەرەکە تەواوی لێبڕینی خانەنشینی (پشکی فەرمانبەر و پشکی دەوڵەت) بدات.
هیچ بڕوانامەیەکی خوێندن کە فەرمانبەر لە ماوەی مۆڵەتەکەیدا بەدەستی بهێنێت، بۆ مەبەستی سەرمووچە و پلەبەرزکردنەوەی وەزیفی ئەژمار ناکرێت.
بۆ ڕێگریکردن لە زیادبوونی میلاکات، فەرمانگەکان بۆیان نییە لە شوێنی ئەو فەرمانبەرەی کە مۆڵەتی وەرگرتووە، کەسی نوێ بە هەمان بڕوانامە و پسپۆڕی دابمەزرێنن.
ئەم یاسایە لەلایەن سەرۆککۆمارەوە واژۆ دەکرێت و پاشان لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاودەکرێتەوە و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەمڕۆ ئەنجوومەنى نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای مۆڵەتى فەرمانبەر کۆدەبێتەوە
ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق 30 ڕۆژ وەرزى یاسادانانى درێژکردەوە




