هەر کاتێک باران دەبارێت، ئاوارەکانى کەرتى غەززەى فەڵەستین سەختتر دەبێت.
زیاتر لە 950 هەزار ئاوارە لە غەززە مەترسیی لافاویان لەسەرە.
تەنیا %17ـی پێداویستییەکانی زستان بۆ غەززە دابینکراوە.
سەرباری برسێتی، تینوێتی، ترس لە بۆردوومان، خەڵکی غەززە دەبێت بۆ لەمەودوا خەمی لافاو و سەرماشیان بێت نەبێتە مەترسییەکی دیکە بۆ سەر ژیانیان.
لە خان یونس لە باشووری غەززە ئاوارەکان بە قووڕ سواخی خێمەکانیان دەدەن.
پێخەف و نوێنەکانیان وشکدەکەنەوە کە باران تەڕی کردوون.
خەڵکی ئەم کەمپە تەواو بێزارن لەوەی بەسەریاندا هاتووە.
ئەم زەلیلییە تاوەکو کەی بەردەوام دەبێت؟ تەنانەت سەگیش وەک ئێمە ناژی.
دۆشەکەکان هەمووی ئاویان هەڵمژیوە و کچەکانم تەڕ بوون.
بە درێژایی ڕۆژ خەریکی گوشینی ئاوی ناو کەلوپەلەکان و هەڵخستنیانم.
نە خوێندن هەیە، نە تەندروستی، نە خۆراک و نە ئاو، هیچ پێداویستییەکی سەرەتایی ژیان نییە.
ئەمڕۆ پێویستمان بە هەموو شتێکە، بەڵام هیچ شتێک بەردەست نییە.
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی قەیرانی بەردەوامی غەززەوە هۆشداریی دەدەن، خێمە و کەرەستەی خۆ گەرمکردنەوە بە هەرە لەپێشتر دەزانن بۆ ئاوارەکان کە ئێستا بۆیان دابین بکرێت
دوای چەندین ساڵ لە ئاوارەبوون، گەورەترین پێداویستی لە ئێستادا کەرەستەی پەناگەی بەهێزە وەکو بەتانی و جلوبەرگی زستانە تاوەکو بتوانن چوار مانگی داهاتووی زستان تێپەڕێنن.
ماوەی سێ ساڵە لەم دۆخەدا دەژین.
بەڵێنەکانی ئاگربەست تەنیا قسەی بێ کردار بوون، لە ساڵێکدا دەیان جار دەمرین، لە دەرەوە وا دەردەکەوین کە خۆڕاگرین.
بەڵام سوێند دەخۆم لە ناوەوە دەتوێینەوە، کەرامەتمان بنپێ خراوە.
ئاوارەکانی ئەم کەمپەی خان یونس لە هاویندا بەدەست گەرما و لە زستانیشدا بەدەست سەرماوە دەناڵێنن.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان (OCHA) لە مانگی تشرینی یەکەمدا، نزیکەی 950 هەزار ئاوارەی فەڵەستینی لەو شوێنانەدا دەژین کە مەترسیی لافاویان لەسەرە، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 400 هەزار کەسیان لە ناوچەی مەترسیی زۆر بەرزدان.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکان، تاوەکو ئێستا ڕێگری لە هاتنی کاروانی هاوکارییەکان بۆ کەرتەکە هەیە و تاوەکو ئێستا تەنیا %17ـی پێداویستییەکانی زستانیان بۆ دابینکراوە.
