
بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی هۆشداریی لە نەبوونی بودجە بۆ دامەزراندنی کرێکار دەدات و ڕایدەگەیەنێت، ئەم کێشەیە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پاراستنی دارستانە سروشتییەکان و بەرهەمهێنانی نەمام دروست کردووە.
بەهرۆز سالار، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاندووە، ساڵی ڕابردوو لە تەواوی سنووری ئیدارەی سلێمانی و ڕاپەڕین پێویستییان بە 94 کرێکار هەبووە بۆ پاراستنی دارستانەکان و نەمامگەکان، بەڵام بەهۆی تەرخاننەکردنی بودجە و نەبوونی پارەی پێویست، ئەو کرێکارانەیان بۆ دابین نەکراوە. لەو ژمارەیەش، 70 کرێکاریان بۆ پاراستنی دارستانە سروشتییەکان و 24 کرێکاری دیکەشیان بۆ کارکردن لەو 5 نەمامگەیە پێویست بووە کە ساڵانە سەدان هەزار نەمام بەرهەم دەهێنن.
بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەر بۆ ساڵی داهاتوو کرێکار دابین نەکرێت، مەترسیی جیددی لەسەر دارستانەکانی دەوروبەری سلێمانی، ڕانیە، قەڵادزێ، بانی مەقان، دەربەندیخان، سەیدسادق، پێنجوێن و شارباژێڕ دروست دەبێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە کرێی ڕۆژانەی هەر کرێکارێک تەنیا 20,000 دینارە، بەڵام تا ئێستا ئەو بڕە پارەیە تەرخان نەکراوە.
سەرەڕای کەمیی تواناکان و نەبوونی کرێکاری پێویست، ئەو 5 نەمامگەیەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی، بۆ ساڵی 2026 توانیویانە بڕێکی زۆر نەمام دابین بکەن. بە جۆرێک 75,000 نەمام بۆ بەڕێوەبەرایەتی باخچەکان، 14,000 نەمام بۆ هەواری شار و 11,000 نەمام بۆ زانکۆی سلێمانی دابین کراوە، جگە لەوەی بۆ هەر شارەوانییەک زیاتر لە 5,000 نەمامیان بە شێوەی بەخشین پێداون.
