
بڕێک لەو پارەیە وەک شایستەی گەنمی جووتیارانی کەرکووک خەرج دەکرێت.
پێشتر لەکۆی 207 ملیار دینار تەنیا 20 ملیار دینار خەرجکراوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان لە سایلۆی کەرکووکەوە دەست کەناڵ8 کەوتووە، هەفتەی داهاتوو، بڕێکی دیکەی پارەی گەنم و شایستە داراییەکانی جووتیارانی کەرکووک بۆ ساڵی 2026 خەرج دەکرێت، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو بڕەی حکومەتی عێراق بەنیازە تەرخانی بکات بۆ پارێزگاکانی عێراق کە بە 500 ملیار دینار دەخەمڵێنرێت، بەڵام بە سایلۆکە ڕانەگەیێنراوە، بڕی پارەکە چەندە کە دەنێردرێت بۆ جووتیارانی کەرکووک.
کۆی گشتی شایستەکان لە ئەمساڵدا، بڕی 207 ملیار دینارە.
تاوەکو ئێستا تەنیا بڕی 20 ملیار دیناری خەرجکراوە.
لە وەرزی بە بازاڕکردنی ئەمساڵ، نزیکەی 500 هەزار تۆن گەنم ڕادەستی سایلۆ و ناوەندەکانی وەرگرتنی گەنم لە پارێزگای کەرکووک کرا، هەروەها بەهۆی بوونی کێشە لە زەوی جووتیارانی کورد، بڕی زۆری گەنمی جووتیارانی کورد لە بازاڕی ئازاد فرۆشرا بە نرخێکی کەمتر کە حکومەت لە جووتیاری وەردەگرت، بەبڕی 700 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک.
هاوکات لە وەرزی بەبازاڕکردنی گەنم لەساڵی 2025ـدا، کۆی گشتی پارەی گەنم و شایستە داراییەکانی جووتیارانی کەرکووک بڕی 412 ملیار و 743 ملیۆن دینار بوو.