ڕیکلام و مامەڵەکردن بەو پرۆژانەی کە بەردی بناغەیان دانەنراوە قەدەغەیە.
جیاوازیی نێوان خواست و خستنەڕوو کاریگەریی لەسەر نرخی یەکەکانی نیشتەجێبوون دروست کردووە.
دەستەى وەبەرهێنان دەیەوێت هاوسەنگییەک لەنێوان خواست و خستنەڕوو بکات.
لە کاتێکدا بەشێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون کارەکانیان تەواو نەکردووە و هەندێکیان هێشتا بناغەیان دروست نەکراوە، بەڵام لێرە و لەوێ دەستیان کردووە بە ڕیکلام و بەبازاڕکردن بۆ پرۆژەکانیان؛ ئەمەش دەستەی وەبەرهێنانی هێناوەتە سەر خەت و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر 35 پرۆژە گیراوەتە بەر و کڕین و فرۆشتن و ڕیکلامکردنی لێ قەدەغە کردوون.
محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: ئامانجی ئەم بڕیارە کۆنترۆڵکردنی بازاڕ و پاراستنی مافی کڕیارانە.
جیاوازیی نێوان خواست و خستنەڕوو، کاریگەریی زۆری لەسەر بەها و نرخی یەکەکانی نیشتەجێبوون دروست کردووە، هەربۆیە پێشبینی دەکرێت بڕیارەکە کاریگەریی هەبێت».
پێشتر زۆریی خستنەڕوو وایکردبوو بەهای یەکەی نیشتەجێبوون و تەنانەت زەویش بە ڕێژەی 10% بۆ 30% دابەزێت.
ئەم بڕیارەی ڕاگرتنی خستنەڕوو لە 35 پرۆژەدا نرخەکان بەرز دەکاتەوە.
لە شاری هەولێر، نزیکەی 52 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون کڕین و فرۆشتنیان ڕاگیراوە، لەگەڵ ژمارەیەک پرۆژە کە هێشتا یەکەکانیان نەخستووەتە بازاڕ؛ هۆکارەکەشی بۆ پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکانی دەستەی وەبەرهێنان دەگەڕێتەوە.