لە سلێمانی دیداری دادپەروەری بۆ ژنان بەڕێوەچوو.
لە دیدارەکەدا کاریگەرییەکانی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ژیانی خێزان تاوتوێ کران.
توێژینەوەیەک بە ناونیشانى "ئالوودەبوونی شاشەی زیرەک و گۆشەگیریی هاوسەران لە ماڵدا" پێشکەش کرا.
لە سلێمانی، دیداری دادپەروەری بۆ ژنان زەنگی مەترسیی ئالوودەبوون بە شاشە و لێکترازانی پەیوەندییە هاوسەرگیرییەکانی لێ دا. گفتوگۆکان تەنیا لەسەر مافە یاسایی و سیاسییەکانی ژنان نین، بەڵکو چوونەتە قووڵایی ژوورە بێدەنگەکانی ناو خێزان.
دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، لە ناوەڕۆکی سەرەکیی دیدارەکەدا بە توێژینەوەیەکی هێمن عەبدولقادر، پەردەی لەسەر یەکێک لە هەستیارترین ئاڵنگارییەکانی سەردەم هەڵدایەوە، ئەویش دابڕانی هاوسەرەکانە لە پشت ڕووناکیی شاشەکانەوە.
فێنک شەفیق، بەڕێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان و خێزان: "توندوتیژییە دیجیتاڵییەکان بەراورد بە لێدان و توندوتیژیی جەستەیى زیاتر بوون."
ئەم گۆشەگیرییە دیجیتاڵییە تەنیا ساردبوونەوەیەکی سۆزداری نییە، بەڵکو ڕێگەخۆشکەرە بۆ کێشەی قووڵتری خێزانی و هەڵوەشانەوەی شیرازەی کۆمەڵگە.
ژنان باجێکی گەورەی ئەم دابڕانە دەدەن، بەو پێیەی تەکنەلۆجیا کە دەبوو جیهان نزیک بکاتەوە، مەودای نێوان هاوسەرەکانی زیاتر کردووە.
بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری مۆبایل، جێگەی گفتوگۆی گەرموگوڕی گرتووەتەوە و جۆرێک لە تەنیایی دوو کەسی لەناو یەک ماڵدا دروست کردووە.
ئاشتی عەبدوڵا، ڕاوێژکاری قوباد تاڵەبانی بۆ پرسی ژنان: "دروشمى ئەمساڵى نەتەوە یەکگرتووەکان داواى یەکگرتوویى دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى توندوتیژی."
دیدارەکە بە کۆمەڵێک ڕاسپاردە کۆتایی هات، کە گرنگترینیان گەڕاندنەوەی بەهای گفتوگۆی ڕاستەوخۆیە بۆ ناو خێزانەکان و دانانی سنوورێکە بۆ شاشەکان.