چاودێران سەریان سوڕماوە؛ جەنگ نهێنی پشت بەنداوەکانی ئێران ئاشکرا دەکات

پووختەى ڕاپۆرت

  • ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەى زۆرترین بەنداوى هەیە.

  • لە هێرشەکانى ئەمریکا و ئیسرائیلدا ژێرخانى مەدەنى کرایە ئامانج، هەندێکجار نزیک بەنداوەکانى گرتووەتەوە.

  • گومان دەکرێت ئامانجێکى پشت دروستکردنى بەنداوە زۆرەکان بۆ دابینکردنى وزە بێت بۆ دامەزراوە مووشەکییەکان.


تۆڕی بەرفراوانی بەنداو و پڕۆژەکانی ئاوی ئێران، لەوانەش بۆری و تونێل، ساڵانێکە شارەزایانی ژینگە و ئاوی تووشی سەرسوڕمان کردووە، بە تایبەت کە زۆرێک لەو پڕۆژانە لەو ناوچانەدا دروستکراون کە پێدەچێت پێویستیان بە بەنداو نەبێت. بەڵام هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کە ئەمساڵ شوێنە نهێنییە مووشەکییەکانی ئێرانیان کردە ئامانج، پرسیارەکانی سەبارەت بە ئامانجی ڕاستەقینەی ئەم پڕۆژانە وروژاندووە، هەڵسەنگاندنى هەندێکیش بۆ ئەوەیە ڕەنگە بەشێکیان بۆ پشتیوانیکردن لە ژێرخانی سەربازیی دروستکرابن.


بنکوڵکارییەکى ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز:

  • هەندێک لە شرۆڤەکاران بۆچوونیان وایە ڕەنگە پڕۆژە ئاوییەکان دابینکردنی ئاو و وزەی جێگیریان بۆ دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران دابینکردبێت، بەتایبەتی کۆمەڵگە مووشەکییە بەهێزکراوەکانی ژێرزەمین.

  • پەیوەندیی نێوان بەرنامەی مووشەکی ئێران و ئەم پڕۆژە ژێرخانی ئاوانە کە مێژووەکەیان بۆ دەیان ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، لە چوارچێوەی گریمانە و شیکاریدا ماوەتەوە و بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە نەسەلمێنراوە.

نیما شوکری، پسپۆڕی ئاسایشی ئاو لە زانکۆی تەکنەلۆجیای هامبۆرگ لە ئەڵمانیا:

  • خۆم و تیمەکەم ساڵانێکە چاودێری ئەو ژمارە زۆرە نائاساییەی بەنداوەکانی ئێران دەکەین.

  • لانیکەم 533 بەنداو هەن، کە زۆرترینە لە ناوچەکەدا.

  • هەمیشە سەرم سوڕما بوو، وای لێکردبووم بپرسم بۆچی ئێران ئەوەندە بەنداوی دروستکردووە.

  • دوای ئەوەی بەهاری ساڵی ڕابردوو نەخشەی هێرشە ئاسمانییەکانم بینی کە شوێنە گومانلێکراوەکانی سەربازی ئێرانی کردبووە ئامانج، پرسیارەکانم گۆڕانکارییان بەسەردا هات.

  • تێبینم کرد کە نەخشەی شوێنە ئامانجدارەکان کە بەشێوەی نیمچە بازنەیی لە باکوورەوە بۆ باشووری وڵات درێژدەبنەوە.

  • بەگوێرەى نەخشەکان وا دیارە لە نزیک هەموو ناوچەیەک کە بەنداوێکی تێدایە هێرشی مووشەکی هەیە.

بە گوتەی حەوت پسپۆڕی ئاو و سەربازی کە نیویۆرک تایمز کۆبوونەوەى لەگەڵدا کردوون، دامەزراندنی دامەزراوەی سەربازیی ئاڵۆز و بەرفراوان لە نزیک سەرچاوەی متمانەپێکراوی ئاو و وزە کە لە بەنداوەکانەوە دابین دەکرێت، ڕەنگە بژاردەیەکى لۆژیکی بێت.

دانی سیتریانۆڤیچ، شرۆڤەکاری پێشووی ئێران لە هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل:

  • ئەم کارە شتێک دەدات بە تاران کە ناوی لێنا "بەردەوامی کارپێکردن".

  • هاندەرێکی بەهێزی هەیە بۆ دڵنیابوون لەوەی کۆمەڵگە مووشەکییەکانی پشت بە ژێرخانە گشتییە نیشتمانییەکان نەبەستن بۆ خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان.

  • دەکرێت گریمانەى ئەوە بکرێت ئێران وەبەرهێنانی لە بونیادنانی ژێرخانی سەربەخۆ یان یەدەگدا کردووە، لەوانەش بەنداو و پڕۆژەی ئاو، بۆ خزمەتکردنی دامەزراوە مووشەکییەکانی.

وەزارەتەکانی دەرەوە و وزەی ئێران وەڵامی داواکارییەکانی ڕۆژنامەکەیان نەداوەتەوە بۆ لێدوان، هەروەها سوپای پاسدارانیش کە لە پڕۆژەکانی دروستکردنی بەنداودا بەشدارە، وەڵامی نەدایەوە.

شارە مووشەکییەکان

ئێران دامەزراوە سەربازییە ژێرزەمینییەکانی خۆی بە "شارە مووشەکییەکان" ناودەبات، کە تۆڕێکە لە تونێل و پارێزبەندى سەخت کە لە قووڵایی شاخەکاندا هەڵکەندراون و بۆ هەڵگرتن و هەڵدان و دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی دوور مەودا و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکاردەهێنرێن.

فەرزین نادیمی، شرۆڤەکارى باڵای پەیمانگەى واشنتن تایبەتمەند بە کاروباری سەربازی ئێران:

  • مەزەندە دەکەم لانیکەم 30 شوێنی مووشەکی لە سەرانسەری ئێراندا هەن.

  • کەم وڵات هەیە وەکو ئێران خاوەنی تۆڕێکی ئاڵۆزی دامەزراوە سەربازییە ژێرزەمینییەکان بێت.

بەڵام شارەزایان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئێران کە بەردەوام بەدەست کەمی ئاوەوە دەناڵێنێت، لە ڕاستیدا پێویستی بە ژمارەیەکی زۆر بەنداو هەیە بۆ مەرامی مەدەنی.

شوکری گوتی "زۆرێک لەو بەنداوانە ئەرکی سەرەکی ئەنجام دەدەن، لەوانە دابینکردنی ئاو و ئاودێری و بەرهەمهێنانی کارەبا".

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

هەواڵگریی ئەمریکا : ئێران زیاتر لە نیوەی مووشەکەکانی نوێ کردووەتەوە

Loading related news...