
سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیران پێشنیازەکانى بۆ جێگیرکردنى داواکارییەکان دەخاتەڕوو.
داوا دەکات لە قۆناغى ڕەشنووسدا داواکارییەکان جێگیربکرێن.
قۆناغەکانى دواتر بە "سەخت" بۆ جێگیرکردنى داواکارییەکان ناودەبات.
ئامانج ڕەحیم، سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیرانى کاربەڕێکەرى هەرێمى کوردستان لە نووسینێکدا ڕایگەیاند، قۆناغی ئێستا گونجاوترین دەرفەتە بۆ گرەنتىی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2027.
دانوستانەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ، بڕیارە ئەم هەفتەیە دەستپێبکەنەوە.
دانوستانەکان هێشتا لە قۆناغی ڕەشنووسى پڕۆژەی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵیدان، نەک پڕۆژەياسای پەسەندکراو.
ئەم ڕەشنووسە کاتێک دەبێتە پڕۆژەیاسا کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵییەوە پەسەند بکرێت و بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران بنێردرێت.
قۆناغی ئێستا ئاسانترین و گونجاوترین دەرفەتە بۆ ڕێککەوتن لەسەر جێگیرکردنی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمى کوردستان بە 14.14% و گرەنتى ماف و شایستە داراییەکان.
بەگوتەى ئامانج ڕەحیم، گرنگیی ئەم قۆناغە لەوەدایە بەگوێرەى دەستوور و یاساکان، دەسەڵاتی ئەنجومەنی نوێنەران لە گۆڕینی بڕە داراییەکانی بودجەدا سنووردارە؛ دەتوانێت تەنیا گواستنەوە و کەمکردنەوە بکات، بەڵام بۆ زیادکردنی کۆی گشتی خەرجییەکان تەنیا دەتوانێت پێشنیار بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بکات نەک بڕیاردان.
ئامانج ڕەحیم کە خۆى ئەندامى شاندى دانوستانکارە و بەردەوام ڕوونکردنەوە لەسەر ڕێڕەوى دانوستانەکان دەدات، بەپێویستى دەزانێت پرسە هەڵپەسێردراوەکان لە قۆناغی ئێستای ڕەشنووسکردندا یەکلایی بکرێنەوە و بۆ قۆناغەکانی دواتر دوانەخرێن.
چونکە دوای پەسەندکردنی پڕۆژەکە لە ئەنجوومەنى وەزیرانی فیدڕاڵی و ناردنی بۆ ئەنجوومەنى نوێنەران، دانوستان و ئەنجامدانی گۆڕانکاری ئاڵۆزتر و دژوارتر دەبێت.