
پوختەی هەواڵ:
رۆمێلۆ لوکاکو بە فەرمی وازهێنانی لە یاریی نێودەوڵەتی ڕاگەیاند
لوکاکو تەمەنی 33 ساڵە
گۆڵکاریی مێژووی هەڵبژاردەکەیە
سوپاسی هاندەران، ڕاهێنەران و یاریزانان دەکات
رۆمێلۆ لوکاکو، هێرشبەری ئێستای یانەی فەنەرباخچەی تورکی و گۆڵکاری مێژوویی هەڵبژاردەی بەلجیکا، وازهێنانی خۆی لە یاریی نێودەولەتی راگەیاند.
لوکاکو لە تەمەنی 16 ساڵیدا بۆ یەکەمجار درێسی شێرە سوورەکانی لە ساڵی 2010 پۆشی و یەکەم یاری نێودەوڵەتی خۆی ئەنجامدا. بەڵام ئەمڕۆ دووشەممە، لە تەمەنی 33 ساڵیدا، ناوبراو لە ڕێگەی پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بڕیاری کۆتایی خۆی ڕاگەیاند و بە یەکجاری ماڵئاوایی لە یارییەکانی هەڵبژاردەی نیشتمانی کرد.
لوکاکو لە ماوەی ئەم کاروانە وەرزشیییدا توانیویەتی مێژوویەکی پرشنگدار تۆمار بکات و وەک گۆڵکاری سەرەکی و یەکەمی مێژووی بەلجیکا بمێنێتەوە، بە جۆرێک کە لە کۆۆی 135 یاری فەرمیدا، خاوەنی 94 گۆڵی نایابە.
لوکاکو لە پەیامی ماڵئاواییدا نووسیویەتی: "لە ماوەی ئەم 16 ساڵەدا، هەموو شتێکیم بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی بەخشیوە و لەگەڵیاندا هەموو هەست و ئەزموونێکی شاراوە و ئاشکرام بە چاوی خۆم بینیوە و تاقیکردووەتەوە."
لوکاکو کە وەک یەکێک لە سەرکردە و کەسایەتییە هەرە دیارەکانی نەوەی زێڕینی تۆپی پێی بەلجیکا ئەژمار دەکرێت، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرجەم هاوڕێ و یاریزانەکان، ئەو ڕاهێنەرانە کرد کە متمانەیان پێبەخشی، و هەروەها هاندەرە دڵسۆزەکان کە هەمیشە پشتیوان بوون. لە درێژەی قسەکانیدا جەختیکردەوە کە زۆر سەربەرزە بەوەی لە چوار جامی جیهانی و سێ جامی نەتەوەکانی ئەورووپا (یۆرۆ) نوێنەرایەتی وڵاتەکەی کردووە و هەرگیز ئەو ساتانە لە یاد ناکات.
بڕیاری وازهێنانی ئەم هێرشبەرە دوای ئەوە هات کە ڕۆژێک پێش ڕاگەیاندنەکە، بەلجیکا ڕووبەڕووی هەڵبژاردەی ئیتالیا بووەوە. لەو یارییەدا لوکاکو تەنها لەسەر کورسی یەدەگ دانیشت و سەرجەم 90 کاتژمێری یارییەکەی بە بێ بەشداری بەسەربرد، ئەگەرچی پێشتریش لە یارییەکەی بەرامبەر تورکیا بەهۆی پێکانەوە لە پێکهاتەکە دوورخرابووەوە.