.jpg)
نەکەونە داوی ئەو کەسانەی دوور لە هەموو بەهایەکی ئەخلاقی و ئاینی و ئینسانی.
هەڵدەستن بە فریودانیان لە بەرامبەر بەدەستهێنانی پارە و زانیاریی کەسی.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین لە ڕاگەیەنراوێکدا کە ئاڕاستەى ڕای گشتی و هاونیشتمانییانى سنووری ئیدارەی ڕاپەڕینى کردووە، دەڵێت: ماوەیەکه باندێک پەیدا بووە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەژمارى ساختە بە ناوی نووسینگەی ڕێکخستنی هاوسەرگیریی کوڕان و کچان بە یەکدی دەناسێنن، دواتر ئەو کەسەی بە کچەکە ناسێنراوە، داوای پارە لە کچەکە دەکات و دوای بەدەستهێنانی پارە و بەجێهێنانی مەرامی خۆی لایەنی بەرامبەر بلۆک دەکەن.
ئەو کوڕەی خۆی بە کچەکە دەناسێنێ، کاتێک بەڵێنی هاوسەرگیری پێ دەدات بە بیانووی نەبوونی پارە بۆ گواستنەوە و شوێنی نیشتەجێبوون داوا لە کچەکە دەکات پارەی بۆ بنێرێ تاوەکو ئامادەکاری بۆ پڕۆسەی هاوسەرگیری پێ بکات، کاتێک بە جارێک یان بە قۆناغ پارەکەی بۆ دەنێرێت کچەکە بلۆک دەکات.
پۆلیسی ڕاپەڕین داوا لە دایکان و باوکان دەکات، ڕێنمایی کچەکانیان بکەن تاوەکو نەکەونە داوی ئەو کەسانەی دوور لە هەموو بەهایەکی ئەخلاقی و ئاینی و ئینسانی هەڵدەستن بە فریودانی کچی خەڵک لەبەرامبەر بەدەستهێنانی پارە و زانیاری کەسی.
