
ئیلهام ئەحمەد ، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی گەلی سووریا، لە دیداری مێری لە هەولێر ڕایگەیاند، ئێستا سووریا بە گشتی لە قۆناغی دووبارە بونیادنانەوەدایە و پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی پێکهاتە جیاوازەکان لە وڵاتەکەدا زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە پڕۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە سوپای سووریا هەنگاوێکی یەکجار گرنگ و سەرکەوتوو بوو.
سەبارەت بە ئەزموونی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، ئیلهام ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە، کە ئەزموونێکی باش و سەرکەوتوو بووە، بە تایبەتی لەبەر ئەوەی گرنگییەکی یەکجار زۆری بە پێگەی ژنان دابوو. هاوکات هاوسۆزی خۆی نیشاندا و ڕایگەیاند کە لە ئێستادا گەڕانەوەیەک یان جۆرە پاشەکشەیەک لە دۆخی ژنان لە سووریادا بەدی دەکرێت کە پێویستی بە سەرنجدان هەیە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پرسی زمانی کوردی بەرز نرخاند و ئاشکرای کرد ، کە بۆ یەکەمجارە لە مێژووی سووریادا دان بە زمانی کوردیدا بنرێت، ئەمەش بەهۆی ئەو بڕیارە گرنگەی سەرۆکایەتی کۆمارەوە بوو کە بۆ پرسی کورد بایەخێکی تایبەتی هەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا، دووپاتی کردەوە کە پێویستە بە تەواوی دان بە کولتوور و زمانی کوردیدا بنرێت لە سەرانسەری وڵاتەکەدا.
لە کۆتاییدا، ناوبراو ئاسۆیەکی گەشبینی نیشاندا و ڕایگەیاند، لەم قۆناغە نوێیەدا هەوڵێکی ڕژد دەدەن بۆ ئەوەی دەرگاکانی سووریا بە ڕووی وڵاتانی دەرەوەدا بکەنەوە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پەرە پێبدەن.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
ئیلهام ئەحمەد: چەکم دژی تورکیا هەڵنەگرتووە و ناوم لە لیستی داواکراواندایە