ئامەدسپۆر نادۆڕێت؛ ئەیوبسپۆری گۆڵباران کرد

پووختەى هەواڵ

  • ئامەدسپۆر نزیکەی 600 ڕۆژە لە یاریگای خۆیدا نەدۆڕاوە.

  • ئامەدسپۆر لە پلەی دووەمی سوپەرلیگی تورکیادا مایەوە.

  • ئامەدسپۆر هەفتەی داهاتوو ڕووبەڕووی گاڵاتاسارای دەبێتەوە.


ئامەدسپۆر، گۆڵبارانی ئەیوبسپۆری کرد و لە پلەی دووەمی سوپەرلیگی تورکیادا مایەوە، هەفتەی داهاتووش ڕووبەڕووی گاڵاتاسارای پێشەنگ دەبێتەوە.


ئەمڕۆ چى ڕوویدا؟

  • یانەی ئامەدسپۆر لەنێو یاریگای خۆی و لەبەردەم دەیان هەزار هاندەریدا، میوانداریی یانەی ئەیوبسپۆری کرد و بە پێنج گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک یارییەکەی لێبردەوە.

  • ساموێل بالێ، یاریزانى ئامەدسپۆر، پاش ئەوەى هاتریکى لە یارییەکەدا تۆمارکرد، لە خولەکى کۆتایی یارییەکەدا بە کارتى سوور کرایە دەرەوە.

  • بە درێژایی یارییەکە هاندەرانی ئامەدسپۆر بە دەم گووتنەوەی "کینە ئەم، کوردین ئەم" هانی یاریزانانی یانەکەیان دا.

ئامەدسپۆر نادۆڕێت

بەو جۆرەش ئامەدسپۆر بە کۆکردنەوەی 23 خاڵ، لە پلەی دووەمی ڕیزبەندیی خولی سوپەرلیگی تورکیادا مایەوە و بە دوو خاڵ لە دوای گاڵاتاسارایەوەیە.

ئامەدسپۆر لە 10 یاریدا، تەنیا 11 گۆڵی لێکراوە و ژمارەی گۆڵەکانی دژی ڕکابەرەکانی گەیاندە 24 گۆڵ و پێش گاڵاتاسارای کەوت.

ئامەدسپۆر لەو 10 یانەیەی ئەورووپایە کە لە 10 یاری ڕابردوودا کەمترین گۆڵیان لێکراوە.

ئامەدسپۆر، نزیکەی 600 ڕۆژە لە یاریگای خۆیدا نەدۆڕاوە و دوایین یاری لە یاریگای خۆیدا دۆڕاندوویەتی، ئازاری ساڵی ڕابردوو بوو بەرامبەر ئەرزڕوومسپۆر.

Loading related news...