
پەیامنێرى کەناڵ8 رایگەیاند "یەکەم دانیشتنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک پاش پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیى دەستیپێکرد".
پەیامنێرى کەناڵ8 ئاماژەى بەوە کرد "نۆ ئەندام لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک بەشدارن و رێژەى یاسایى تەواو بووە".
روونیشیکردەوە "ئەندامەکانى فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان و هاوپەیمانیى عەرەبى و بەرەى تورکمانى لە کۆبوونەوەکە بەشدارنین".
بەگوێرەى کارنامەى دانیشتنى ئەنجوومەنەکە، سێ تەوەر تاوتوێ دەکرێت ئەوانیش، پەیڕەوى ناوخۆى ئەنجوومەن، گفتوگۆکردن لەبارەى دامەزراندنى حەوت هەزار و 500 کەس بەشێوەى گرێبەست و بانگێشتکردنى پێکهاتەى تورکمان بۆ پڕکردنەوەى پۆستەکانیان.
لەدواى کۆبوونەوەکە و لەمیانەى ئەنجامدانى کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا سەرۆکى فراکسیۆنى کەرکوک هێز و ئیرادەمانە رایگەیاند "رێککەوتین لیژنەیەک بۆ هەموارى یاساى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک پێکبهێنین".
نەشئەت شاهوێز، گوتیشى "بانگهێشتى نوێنەرانى پارتى و پێکهاتەى تورکمان دەکەین بۆ رادەستکردنى ناوى بەربژێرانى پۆستەکانیان".
روونیشیکردەوە "لیژنەیەک بۆ راییکردنى رێکارەکانى دامەزراندنى 7500 پلە وەزیفییەکەى کەرکوک پێکهێنرا".
جەختیشیکردەوە "ناهێڵین لە دامەزراندندا ستەم لە هیچ پێکهاتەیەکى شارەکە بکرێت".