یەدەگی دۆلاری عێراق بۆ نزیکەی 80 ملیار زیادی کردووە

بڕێک لە دۆلاری ئەمریکی
بڕێک لە دۆلاری ئەمریکی

پووختەی هەواڵەکە

  • گوتەبێژى بانکى ناوەندیی عێراق دەڵێت، یەدەگى دۆلاری عێراق لە 73 ملیارەوە بۆ 80 ملیار زیادیکردووە.

  • سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ گەیشتنی دۆلار لە ئەمریکاوە بەدواداچوون دەکات.

  • گوتەبێژى بانکى ناوەندیی عێراق ڕاشیگەیاندووە، یەدەگى زێڕى عێراق 170 تۆنە.



مەحموود داغر، گوتەبێژى بانکی ناوەندیی عێراق ڕاگەیاند: "کۆی گشتیی یەدەگی دراوی دۆلار، جا چ ئەوەی لە هەژماری بانکی ناوەندیدا بێت یان لە هەژماری حکومەتدا لە لایەن بانکی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکاوە، لە ماوەی مانگەکانی ئەیلوول و تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بۆ 80 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە، کە پێشترو لەمانگەکانى ئایارو حوزەیران بۆ 73 ملیار دۆلار دابەزیبوو.


گوتەبێژى بانکی ناوەندیی عێراق:

  • باشتربوونی یەدەگی دۆلار لە ماوەی مانگەکانی ئەیلوول و تشرینی یەکەمدا، بەهۆی داهاتی هەناردەکردنی نەوتەوە بووە کە نزیکبووەتەوە لە شەش ملیار دۆلار.

  • هاوکات یەدەگی زێڕ بە جێگیری ماوەتەوە و بڕەکەی 170 تۆنە.

  • عەلى زەیدی، سەرۆکوەزیرانى عێراق ڕاستەوخۆ بە دواداچوون بۆ گەیشتنی بارەکانی دۆلار دەکات.

  • هەر بارێک نزیکەی نیو ملیار دۆلارە.

  • دوو فڕۆکە گەیشتوون لە ئەمریکاوە کە هەڵگری دراوی دۆلار بوون و لە ڕۆژانی داهاتوودا بارى دیکەى دۆلاریش بەدوایاندا دێن.

دڵنیایی بۆ هاوڵاتیان

گوتەبێژى پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق پەیامێکی دڵنیایی ئاراستەی هاووڵاتییان کرد و جەختی کردەوە: "دۆلاری نەختینەیی لە لایەن بانکی ناوەندییەوە بەردەستە، ئەمەش هۆکاری ئەوەیە کە گەشتیاران دەتوانن ساڵانە شەش جار دۆلار وەربگرن، لەبرى دووجار کە پێش چوار مانگ دیاری کرابوو.

داغر زانیاری زیاتری خستەڕوو کە "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، عەلی فالح زەیدی، ڕایگەیاندووە کە ڕێککەوتن هەیە بۆ بەردەوامی ناردنی بارەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا، بەڵام بەردەوامی گەیشتنیان بەستراوەتەوە بە بارودۆخی ئەمنییەوە."

ئەوەشى ڕوونکردەوە، هەرە زۆری یەدەگەکانی دۆلارى عێراق لە لایەن بانکی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا دەپارێزرێت، بەڵام بێجگە لە ئەمریکا، عێراق خاوەنی یەدەگی دۆلارە لە ئەورووپا، سویسرا، ئیمارات و چین.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

یەدەگی دراوی بیانی عێراق گەیشتە 79.2 ملیار دۆلار


Loading related news...